زووم..
پەرلەمانتارێکی پارتی کۆماری گەل “جەهەپە” دەڵێت، سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک بارمتەی سیاسیی دەستگیرکراوە و بە بارمتەگرتنی دەمیرتاش بە بارمتەگرتنی پرسی کوردە.
سەزگین تانرۆ کوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، دوێنێ هەینی بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش سەردانی زیندانی ئەدرنەی کرد، دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، تەندروستی دەمیرتاش زۆر باشە و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رەوشی سیاسیی تورکیا و ناوچەکە دەکات.
پەرلەمانتارەکەی جەهەپە دەشڵێت، سەرەڕای بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ بێ تاوانیی دەمیرتاش، بەڵام تورکیا بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە و ناڕەوا لە زینداندا ئەویان هێشتووەتەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و هەشت ساڵە لە زیندانە، کە بەم دوایانە بە 42 ساڵ زیندانى سزادرا، ئەو هەشت ساڵە لە کۆی بڕیارەکە کەم دەکرێتەوە. بەمەش دەمیرتاش 34 ساڵی دیکە لە زیندان دەمێنێتەوە.