زووم..
خەڵکی شاری لیڤەرپوڵ لە بەریتانیا هاوکاری موسڵمانەکان دەکەن و دەیانەوێت یەکێک لە مزگەتە دێرینەکانی شارەکە لە هێرشی راستڕەوەکان بپارێزێن.
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، گوایە هەوڵێک لەلایەن راستڕەوە توندڕەوەکانەوە هەیە بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوتی عەبدوڵا قولییەم لە لیڤەرپوڵ، کە یەکێکە لە دێرینترین مزگەوتەکانی بەریتانیا، خەڵکی شارەکە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و هەوڵی پاراستنی دەدەن.
بەشێک لە خۆپیشاندەران دەڵێن، ئامانجیان لەو خۆپیشاندانە هاوسۆزییە لەگەڵ بەشێکی دیکەی کۆمەڵگەی بەریتانی کە موسڵمانان، ئەوان دەڵێن، نایانەوێت ببینن هیچ کەسێک لە ژێر هەڕەشەدایە.
یەکێک لە خۆپیشاندەران دەڵێت: ئەمڕۆ لێرەین تا هاودەنگی لەگەڵ موسڵمانانی شارەکە نیشانبدەین، هەست بە ترس دەکەین بەهۆی ئەو هەڕەشانەی دەکرێن، پێموایە ئەم شارە بەوجۆرە نییە، کاتێکی خەمناکە بۆ هەمووان، ئەمە کارەساتە لە ساوسپۆرت، کە خەڵک دەبوو سەرنجیان لەسەر یارمەتیدانی خەڵک و ئەو کەسانە بێت، کە پێویستییان بە هاوکارییە، موسڵمانانی شارەکە لەژێر هەڕەشەدان لەلایەن کەسانێک لە ناوەوە و دەرەوەی شار، ئەمە کاری ئێمە نییە، ماوەیەکی دوورودرێژە خەریکی دروستکردنی پەیوەندین لەگەڵ کۆمەڵە و خەڵکە جیاوازەکان، ئەمڕۆ لێرەین بۆ دەربڕینی هاودەنگیمان.”
هەروەها دەڵێت: نامەوێت فاشیستەکان لەسەر شەقامی شارەکە ببینم، بۆیە ئەمڕۆ لێرەم، سێ کچی بچووک کوژراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆری خەڵک خەریکی تانەلێدانن و دەیانەوێت لەسەر ئەو دۆسیەیە خەڵک بکوژن و مزگەوت بسووتێنن، ئەوانە لەم شەقامەدا پێشوازییان لێناکرێت هەر بۆیە ئەمشەو لێرەم”.
مەترسییەکانی سەر موسڵمانانی لیڤەرپوڵ دوای ئەوە دێت، سێشەممەی رابردوو لە قوتابخانەیەکی تایبەت بە سەما لە شارۆچکەی ساوسپۆرت سەربە شاری لیڤەرپوڵی بەریتانیا سێ منداڵی کچ کوژران و هەشت منداڵی دیکە بریندارکران، کە دواتر گەنجێکی 17 ساڵ بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکرا و بەگوێرەی زانیاری میدیاکان خەڵکی رواندایە.