زووم..
دە ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی شەنگال تێپەڕدەبێت، هێشتا چارەنووسی هەزاران ئێزدی نادیارە، هەزارانی دیکەش لە ئاوارەیدا ژیان دەگوزەرێنن و دۆخی شەنگالیش وەک پێش هاتنی داعشی لێنەهاتووەتەوە.
شەوی سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی شەنگال شارەکەیان چۆڵکرد و هاووڵاتییانی ئێزدیان بە تەنها لە بەردەم هێرشی داعش جێهێشت.
داعش لە ماوەیەکی کورتدا شەنگالی داگیرکرد، هاتنی داعش ئاوارەبوونی سەدان هەزار ئێزدی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 250 هەزار ئێزدی بەهۆی داگیرکاری داعشەوە ئاوارەبوون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 120 هەزاریان چوونەتە دەرەوەی وڵات و زیاتر لە 135 هەزار کەسی دیکەشیان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان جێگیربوون.
نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش لە ئامارێکدا، کە ساڵی رابردوو بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی بەهۆی جەنگی داعشەوە کوژراون، کە تەنها رۆژانی یەکەمی هێرشەکەی داعش بۆ سەر شەنگال، هەزار و 293 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکە، ژمارەی ئەو ئێزدیانەی داعش رفاندوونی 6 هەزار و 417 کەس بوون، لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 548 کەسیان کچان و ژنانی ئێزدی بوون و 2 هەزار و 869 کەسەکەی دیکەش لە رەگەزی نێربوون.
ژمارەی ئەو کەسانەشی لە دوای رفاندنیان لەلایەن داعشەوە رزگاربوون، یان رزگارکراون، 3 هەزار و 570 کەسن کە هەزار و 208 کەسیان ژنان و کچانی ئێزدین و 339 کەسی دیکەیان لە رەگەزی پیاون، هەروەها زیاتر لە 2 هەزار منداڵیش لەژێر دەستی داعش رزگارکراون.
تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران هاووڵاتی رفێنراوی ئێزدی بە نادیاری ماوەتەوە.
لە دوای رزگارکردنی شەنگال لە دەستی داعش لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا زیاتر لە 83 گۆڕی بە کۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسی لە شەنگال دۆزراونەتەوە.