زووم..
چەند مانگێکە گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی سەگی بێلانە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەرمە، دواجار لە پەڕلەمانی تورکیا یاسای سەگی بێلانە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
حکومەت چارەسەری نەزۆککردنی سەگ، یان خەواندنیانە بۆ ماوەی چەند مانگێک، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان رەخنەیان لەم چارەسەرە هەیە.
پڕۆژەیاساکە بە ٢٧٥ دەنگی بەڵێ-ی ئاک پارتی و مەهەپەییەکان پەسەندکرا، بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش سەرجەمیان ٢٤٤ دەنگی نەخێریان لە دژی یاساکە هەبوو.
یاسایەکە چارەنووسی نزیکەی چوار ملیۆن سەگی بێلانە لە باکووری کوردستان و تورکیا دیاریدەکات.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، شارەوانییەکانی پارێزگا و شارۆچکە و ناوچەکان پێویستە تا ساڵی ٢٠٢٨ شوێنی کۆکردنەوەی سەگەکان و شێڵتەری تایبەت دروست بکەن، ئەو سەرۆک شارەوانییانەی بڕیارەکە جێبەجێنەکەن، بە شەش مانگ تا دوو ساڵ زیندانی، سزا دەدرێن.
عەبدوڵا گولەر سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی دەرباری یاساکە دەڵێت: ئەو سەگانەی دڕندەن، یاخود مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییان هەیە دەخەوێنرێن.
ئەو رێگاچارانەی لە یاساکەدا بۆ چارەسەری گرفتی سەگی بێلانە دانراوە، پێچەوانەی تێڕوانیی ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئەو پرسە.
ئومید ئۆزلالێ پەرلەمانتاری ئیی پارتی ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر پارتی دەسەڵاتدار و گوتی: ئێوە ئارامیتان لە مرۆڤی ئەم وڵاتە بڕیوە، چاوتان لەسەر ژیانی سەگەکانە و مافی ژیانیش بەوان نادەن، مادەم ئێوە بەدوای کۆکردنەوەی شتێکن لەسەر شەقامەکان، فەرموون تۆمەتبارەکان کۆبکەنەوە ئەوانەی بەناوی دینەوە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژن و مناڵ.
هەروەها سەلیها سێرا پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا دەڵێت: کوشتنی سەگ هیچ لۆژیکی و زانستیی تێدا نییە، سەگەکان مافی ژیانیان لەگەڵ مرۆڤ هەیە بە دوورخستنەوەیان زیاتر دڕندەتردەبن.
پرسەکە بەلای ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپەش گرنگیی سیساسی و مرۆیی هەیە، لەو بارەیەشەوە پێیوایە، ئەو یاسایە لە دژی مافی ئاژەڵانە و حکومەت دەیەوێت بەرپرسیاری بخاتە سەر سەرۆک شارەوانییەکان بەبێ ئەوەی هیچ هاوکارییەکی مادییان بکەن. گوتیشی ئێمە زیان بە گیانی سەگەکان ناگەیەنین و یاساکە جێبەجێ ناکەین.