زووم…
لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، ئێران چەندینجار دووپاتیکردووتەوە تۆڵە دەکاتەوە و هێرشی ئەمجارە بۆ سەر ئیسرائیل “فراوانتر” دەبێت لە هێرشی پێشوو کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەنجامیدا. تاران نۆ مووشەکی کروز و بالیستیکی هەیە کە دەتوانن بگەنە نێو خاکی ئیسرائیل و لە هێرشی رابردوو هەندێکیانی بەکارهێناوە.
لەم رۆژانەی دوایی، ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر بووە لەدوای ئەوەی تاران تەلئەبیبی تۆمەتبار کرد بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس، لە بەرەبەیانی 31-07-2024. ئیسرائیل تا ئێستا دانی نەناوە بە ئەنجامدانی هێرشەکە و رەتیشینەکردووەتەوە.
بەهۆی زیادبوونی ئەگەری هێرشی تارانەوە، واشنتنیش کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و کەشتی جەنگی یو ئێس ئەبراهام لینکنی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کرد کە توانای هەیە 90 فڕۆکەی جەنگی هەڵبگرێت، ئەمە جگە لەوەی خۆی خاوەنی سیستمێکی هێرشبەری پێشکەوتووە و هەڵگری چەند مووشەکێکی جیاوازە.
ئێران خاوەنی نۆ مووشەکی کروز و بالیستیکییە کە توانایان هەیە بگەنە نێو خاکی ئیسرائیل و مەوداکانیان لەنیوان 1,400بۆ 2,500 کیلۆمەتردایە. نزیکترین بنکەی مووشەکی ئێران لە ئیسرائیلەوە تەنها 1,100 کیلۆمەتر دوورە.
ئێران پێشتر لە هێرشی 14-04-2024 بەشێک لەو مووشەکانەی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. ئەو هێرشە لە “تۆڵە”ـی هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق لە سەرەتایی هەمان مانگ کە تێیدا 16 کەس کوژران و هەشت کەسیان بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران بوون. هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیانی گیانی نەبوو بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، 99%ـی مووشەکەکان پووچەڵکراونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئوردن یارمەتی خستنەخوارەوەی مووشەکەکانیاندا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن کە تێیدا عەلی بیلالی، ئەفسەری باڵای سوپای پاسدران، قسەی کردووە و پشتڕاستیکردووەتەوە کە لە پاڵ چەند جۆرە مووشەکێکی جیاواز، هەر سێ مووشەکی عیماد، قەدر، هەروەها خەیبەرشکەن لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بەکارهاتوون.
مووشەکی عیماد توانای هەیە 1,700 کیلۆمەتر ببڕێت و کڵاوەکەی هەڵگری 500 کیلۆگرام تەقەمەنییە. هاوشێوەی عیماد، مووشەکی قەدر مەوداکەی دەگاتە نزیکەی 2,000 کیلۆمەتر و کڵاوەکەی هەڵگری 450 کیلۆگرام تەقەمەنییە. خەیبەرشکەنیش هەڵگری 320 کیلۆگرام تەقەمەنییە و دەتوانێت 1,450 کیلۆمەتر ببڕێت.
یەکێک لەو مووشەکانەی ئێران کە نوێیە مووشەکی “فەتاح-2″ـە. فەرشاد ئەمینی بەرپرسى دێسکى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان لە کەناڵى زووم لە هەواڵنامەی کاتژمێر 10 لەبارەی ئەو مووشەکەوە گوتی: فەتاح-2 مووشەکی تاقینەکراوەی ئێرانە و لەوانەیە تاران دژی ئیسرائیل بەکاریبهێنێت کە زۆر خێرایە و سیستمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل توانای بەرپەرچدانەوەیان نییە.
ئەو مووشەکانەی دیکەی ئێران کە توانایان هەیە بگەنە خاکی ئیسرائیل بریتین لەمانە:
سجیل
مەودا: 2,000-2,500 کم
شەهاب-3
مەودا: 2,000 کم
خورەمشەهر-4
مەودا: 2,000 کم
پاوە
مەودا: 1,650 کم
حاج قاسم
مەودا: 1,400 کم
فەتاح-2
مەودا: 1,400 کم