زووم…
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئەمریکا لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ پتەوکردنی بەرگری لە بەرامبەر ئێران و حەماس و حزبوڵای لوبنان، بەنیازە کەشتی و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ناردنی فڕۆکە و کەشتیی جەنگیی زیاتری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند کردووە.
لەلایەکی دیکەوە پێنتاگۆن، لە راگەیەندراوێکدا دووپاتیکردەوە، ئۆستن فەرمانی کردووە گۆڕانکاری لە دۆخی سەربازیی ئەمریکا بکرێت، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و زیادکردنی پشتیوانیی بەرگری بۆ ئیسرائیل و گرەنتیکردنی تواناکانی ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوە لە حاڵەتی لەناکاودا.
لە گۆرانکارییەکەدا نوێیەکەدا کەشتی جەنگی فرۆکە هەڵگری یو ئێس ئەبراهام لینکن جێگەی کەشتی جەنگی یو ئیس روزڤێڵت دەگرێتەوە کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستە.
لە ئێستادا ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەرەکانی وەڵامدانەوەی ئێران دژی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو 31-07-2024 لە میوانخانەیەکی سوپای پاسداران روویدا.
بەرپرسانی ئێران سوورن لەسەر تۆڵەکردنەوە و چەندیجار باسیان لە ئەگەرەکانی هێرش کردن کردووە بۆ سەر ئیسرائیل.
لەبارەی جموجوڵەکانی ئەمریکا و ناردنی کەشتی جەنگی یو ئێس لینکن، جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشی سپی دەڵێت: بەجوانی گوێمان لە رابەری باڵای [ئێران] بووە کە نیازی هەیە تۆڵە بکاتەوە، بۆیە دەبێت دڵنیاببینەوە لەوەی سەرچاوەی سەربازیی و توانای دروستمان هەیە لە ناوچەکەدا.