رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
وەڵامی ئێران بەهێز دەبێت و زیانى گەورەش لە ئیسرائیل دەدات
جۆن بۆڵتن، راوێژکارى پێشووى ئاسایشى نیشتمانیى ئەمریکا رایگەیاند، دواى کوشتنى فوئاد شوکر، ئەندامى مەکتەبی سیاسی حزبوڵاى لوبنان و ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى حەماس، وەڵامى ئێران توند و بەهێز دەبێت و زیانى زۆریش لە ئیسرائیل دەدات.
سەبارەت بە شێوازى وەڵامدانەوەکەش دەڵێت، ئێران لەڕێى نوێنەرەکانیەوە لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن گفتوگۆ دەکات و ئەمجارەیان ئێران چاو لە کەرامەت شکاندنى خۆی ناپۆشێت و ئەوەى روویداوە لەبیرى خۆی ناباتەوە، راستتر ئەوەیە، تۆڵە دەکاتەوە و تۆڵەکەشى مەترسیدار دەبێت بۆ ئیسرائیل، هەربۆیە دەبێت ئیسرئیل زیاتر ئاگاداربێت.
عەرەب
شنگالییەکان ترسی گەڕانەوەى داعشیان هەیە
خەڵەف سنگالى، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئێزدییەکان رایگەیاند، ناتوانرێت لۆمەى ئەو خەڵکە ئاوارەیە بکرێت، کە گەڕاوەتەوە، بۆچى بێئومێدبوون لە پێدانى سێ هەزار دۆلار لە لایەن حکومەتەوە، قەبارەى زیانەکانیان ئەوەندە گەورەیە چەندین ساڵی دەوێت تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت، حکومەتیش بەرنامەى هەیە ملیۆنەها دۆلار بۆ چارەسەرى کێشەکان تەرخان بکات، بەڵام لە 2014ـەوە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە بۆ هەستانەوەى ژێرخانى شنگال تەرخانکراوە، لەوانەش کردنەوەى دوو نەخۆشخانە، قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان، چاککردنەوەى تۆڕی ئاو.
خەڵەف شنگالى نەیشاردەوە هێشتا شنگالییەکان ترسی ئەوەیان لە دڵدا ماوە داعش بگەڕێتەوە و دەسەڵات بگرێتەوە دەست و مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.
عەرەبی جەدید
بەشێک لە منداڵانى عێراق کارى مادەى هۆشبەر و لەشفرۆشییان پێدەکرێت
مەیس مەندەلاوى، توێژەى کۆمەڵایەتى بە عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە، کۆمەڵێک هۆکار هەن وا لە خێزانە عێراقییەکان دەکات لەبری ئەوەى منداڵەکان بنێرنە قوتابخانە، دەیاننێرنە بازاڕەکان و پاڵنەری سەرەکیی دیاردەى کارکردنى منداڵانى ئیشکەر لە عێراق هەژاری و دابینکردنى پارەى چارەسەرى نەخۆش و کرێی خانووە، کێشەى ئاسایش و نەبوونى ئارامی لەوڵاتدا بووەتە هۆی پارچەپارچەبوونى بەشێکى زۆر لە خێزانە عێراقیەکان.
بەگوتەى ئەو پسپۆڕە کۆمەڵایەتییە، ژمارەیەکى زۆر لە منداڵانى عێراق لەنێوان تەمەنى 10 بۆ 15 ساڵیدا لە بازاڕەکاندا کاردەکەن و ئەوەش کاریگەریی زۆرى دەبێت لەسەر لایەنى تەندروستیى دەرونى و جەستەییان، مەترسی لەسەر داهاتوویان دادەنێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە بەشێکى زۆری منداڵانى عێراق لە بوارەکانى مادەى هۆشبەر و لەشفرۆشیدا کاریان پێدەکرێت.
زەمان
عێراق کار بۆ وەستانەوە بەردەم ئاسایشی خۆراک و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا دەکات
محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانى عێراق رایگەیاند، عێراق پلانێکى پێنج ساڵەى گرتووەتەبەر بۆ پەرەپێدانى سەرمایەى مرۆیی، کەمکردنەوەى هەژاری و ئاوارە، گەشەپێدانى بوارى ئابووری و ئاسایشی نیشتەجێوون.
نستور ئامونهاجی، لە سندوقى نیشتەجێبوونى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، سەرژمێریی ئەمساڵ پێداویستیی و کەموکورتییەکانى هاووڵاتیان دەستنیشان دەکات، دەبێت دواتر حکومەت رێگەکانى چارەسەرکردنیان بگرێتەبەر.
دەڵێت، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان هەیە بۆ هاوکاریکردنى لەبوارى هونەرى و لۆجستى و پێدانى زانیارى تاوەکو سەرژمێریی ئەمساڵ سەربگرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنیچاخ
زیاتر لە 537 هەزار مناڵ تاوانیان ئەنجامداوە
بەگوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا لە ساڵی رابردوودا 537 هەزار و 583 منداڵ تاوانیان ئەنجامداوە.
دەڵێت، 242 هەزار لەو مناڵانە لە رووداوەکاندا تێوەگلاون و مافیان خوراوە، 178 هەزار 834 مناڵی دیکە هان دراون بۆ ئەنجامدانى تاوان .
نزیکەى 40%ـى ئەو منداڵانە کەسی دیکەیان بریندارکردووە، نزیکەى 21%ـی دیکەش بە تاوانی دزی و 5%ـى دیکەش بەتۆمەتی تێوەگلان بە بازرگانی مادەى هۆشبەر و 10%ـیان بەتۆمەتی جۆراوجۆر تێوەگلاون.
سۆزجو
نرخی لیمۆ بە رێژەى 53.3% زیادکرا
بەگوێرەى ئامارێکی ژووری بازرگانیی ئیستەنبوڵ لە مانگى تەمموزدا زۆرترین رێژەى بەرزبونەوەى نرخ لەسەر لیمۆ بە رێژەى 53.3% بووە. بەمەش نرخی لیمۆ ژمارەى پێوانەى شکاندووە.
لەپاش ئەوەش نرخی کارەبا بە رێژەى 38% زیادکراوە هەروەها بە رێژەى فاسۆلیای تەڕ 33% نرخى زیادکراوە.
تورکگون
گەڕان بەدوای غازی سروشتی لە دەریای رەش بەردەوامە
ئەڵپئەسڵان بایرەکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان رایگەیاند، کەشتییەکی نوێیان بۆ دەریای رەش ناردووە بەمەبەستی گەڕان بەدوای غازی سروشتیدا.
راشیگەیاند ، ئێستا لە سێ شوێندا گەڕان بەردەوامە و تاوەکو پێش کۆتایی ئەمساڵ دەست بە بەرهەمهێنانى غازی سروشتی دەکەین.
جمهورییەت
نادادپەروەری لە زیادکردنى نرخی کارەبا هەیە
حکومەتى تورکیا نرخی غازی سروشتی بۆ ماڵان و بۆ شوێنە بازرگانییەکان زیادکرد.
بەگوێرەى راپۆرتێکی ژووری ئەندازیاران، لە ماوەى 18 مانگدا تێچووی نرخی کارەبا بە رێژەى 33% بەرزبووەتەوە، حکومەت نرخی کارەبای بۆ ماڵان 38% زیادکردووە و لە شوێنی بازرگانییەکاندا 59% نرخی گران کردووە لەسەریان. هاوکات بۆ کارگە گەورەکان 28% نرخی کارەبایان بۆ داشکێنراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئیسرائیل خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێرانەوە ئامادەکردووە
لە ئێستادا ئیسرائیل خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ هەر هێرشێکی ،ئێران کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی، دوای ئەوەی دوو سەکردەی باڵای لە حەماس و حزبوڵا کە هەریەک لە ئێران و لوبناندا کوشت.
ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزییەکی نوێی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا چەند کەشتییەکی جەنگی بۆ هاوکارییکردنی ئیسرائیل ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریی لە وڵاتەکەی بکات.
گاردیەن
پۆلیسی بەریتانیا خۆی بۆ ناسەقامگیرییەکی “ئابڕووبەر”ـی راستڕەوەکان ئامادەدەکات
پۆلیسی بەریتانیا لە ئامادەباشیدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیاتر لە 30 خۆپیشاندان، کە بڕیارە لە شارەکانی بەریتانیادا ئەنجام بدرێن، بەشێوەیەک پێشبینی دەکرێت دۆخێکی ناسەقامگیری وا لە وڵاتەکە دروستبکەن، کە لە ساڵی 2011ـەوە وڵاکە بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت چوار رۆژ لەمەوبەر گەنجێکی 17 ساڵ هەڵیکوتایە سەر یانەیەکی شەوانە و بەچەقۆ سێ کچی گەنجی کوشت.
سەرکردە موسڵمان، جوو، هیندۆس و کریستیانەکانیش داوا دەکەن خۆپیشاندەران ئارام بن و دووربن لە توندوتیژیی.
عەرەب نیوز
ئێزدییەکانی عێراق ترسیان هەیە کۆمەڵکوژیی بەسەریاندا دووبارە ببێتەوە
دوای 10 ساڵ لە هێرشەکانی داعش بۆسەر ئێزدییەکانی باکووری عێراق، هێشتا زۆرێک لەو کەمینە ئاینییە ترسیان هەیە بگەڕێنەوە سەر ناوچەکانی خۆیان لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەسەریاندا هات.
بەهۆی ئەمەوە زیاتر لە 20 هەزار ئێزدیی لە ئاوارەییدا دەژین، کە بەشێکی زۆریان لە کوردستان ئاوارەبوون و لە کەمپە خراپەکاندا ژیان بەسەردەبەن. هەرچەندە حکومەتی عێراق بڕی سێ هەزار دۆلار هاوکاریی ئەوانە دەکات، کە بڕیاری گەڕانەوە دەدەن، بەڵام بەشێکی زۆر لە قەزای شنگال هێشتا بە داڕووخاویی ماوەتەوە.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
هەرێمی هۆنگ کۆنگی چین ئاسانکاریی پێدانی ڤیزای گەشتیاریی بۆ سێ وڵاتی دیکەی ئاسیا دەکات
سێ وڵاتی ئاسیا و هەرێمی هۆنگ کۆنگی چین گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ ئاسانکاریی پێدانی ڤیزا لەکاتی چوونەناوەوەی هەرکام لەو وڵاتانە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هۆنگ کۆنگ سەدانی هەریەک لە کەمبۆدیا، لاوۆس و ڤێتنامی کرد و بەڵێنیدا ناوەندیی بازرگانی دیکە لەو ناوچانەدا بکاتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
رێگەى گەشتیارانى ئێرانى بۆ تورکیا زیادی کردووە
لە بەهاری ئەمساڵەوە ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ تورکیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 42% زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 442 هەزار کەس.
لەو ماوەیەدا تورکیا 21 ملیۆن گەشتیاری بیانی وەرگرتووە و داهاتی تورکیا لە گەشتوگوزار گەیشتە نزیکەی 24 ملیار دۆلار و سەردانی ئێرانییەکان بۆ ئەو وڵاتە بەردەوام زیادیکردووە.
لە رووی بازرگانییەوە، هەناردەی تورکیا بۆ ئێران گەیشتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار و 15% گەشەی کردووە، بەڵام هاوردەی تورکیا لە ئێرانەوە بە جێگیری ماوەتەوە.
مەردوم سالاری
پێویستە کوتانی “سورێژە” پێش گەشتکردن بۆ عێراق بکێت
وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سورێژەی لە عێراق راگەیاند و ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکا بەنیازن بۆ رێوڕەسمی ئەربەعین گەشت بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی منداڵەکانیان لە خوار تەمەنی 15 ساڵەوە کوتانی دژە سورێژەیان بۆ بکرێت.
حسێن فەرشیدی، بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران روونیکردەوە، سورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر درمییە و ئەو کەسانەی کوتانیان نەکردووە مەترسییان لەسەرە و حاڵەتەکانی سورێژه بەهۆی نەبوونی کوتان له وڵاتانی دراوسێ له نێویاندا عێراق زیادی کردووه,
هەروەها داوای لە گەشتیاران کرد لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەدا سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن.
شەهروەند
سێ ملیۆن کەس لە ئێران سەرگەردانن
لە هەر پێنج گەنجێکی ئێرانی یەکێکیان ناخوێنێت، کار ناکات و فێری هیچ کارامەییەک نەبووە، واتە سێ ملیۆن کەس هەن کە سەرگەردان و بێکارن و ناتوانن کار بدۆزنەوە.
کارامەیی ئەمڕۆ لەگەڵ کارەکانی داهاتوودا ناگونجێت و ئەگەری ئەوە هەیە کە کارامەیی نوێ بە خێرایی بەسەربچێت و بێ کەڵک بێت و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە بزووتنەوەیەکی نیشتمانیی راهێنانی کارامەیی بۆ هەیە.
بێکاریی گەنجان دەگاتە 28% و ئێران لە پلەی 34ـى جیهاندایە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە سیستەمی پەروەردەیە.
ئەسکەناس
ئێران توانا و ئیرادەی هەیە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل
جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران لە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل جددیە و تاران ئامادەیە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
ئەم هەڕەشانە دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای بەشێوەیەکی جددی نیگەران کردووە، جۆن کیربی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران پێشتر نیشانی داوە، کە هەم توانای هێرشکردن و هەم ئیرادەی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە لەدژی ئیسرائیل هەیە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە دوای تیرۆرکردنی بەرپرسانی حزبوڵا و حەماس لە بەیروت و تاران لەژێر فشارێکی بێوێنەدایە و ئاستی گرژییەکانیش گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.