زووم…
سبەینێ شەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بابلیون لە بەغداد کۆدەبێتەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بارەی کۆبوونەوەکەوە بە زوومی گوت، سبەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەجیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەغداد کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکرد ئامانجی کۆبوونەوەکە نزیککردنەوەی لایەنەکانە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و گوتی: هیوادارین زوو پێکبهێنرێت.
هەر لەوبارەیەوە رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لێدوانی بۆ زووم دا و گوتی: لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق سبەی فراکسیۆنی یەکێتی و فراکسیۆنی بابلیون لە بەغداد لەگەڵیدا کۆدەبنەوە.
گوتیشی، تەوەری کۆبوونەوەکەش پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکە.
بڕیاربوو دوینێ پێنجشەممە 1-08-2024 کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای سودانی کۆبونەوەکە دواخرا.
لە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق و کەرکوک بەڕێوەچوو، بەڵام ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانەوە تائێستا نەتوانراوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک و پارێزگار دابنرێت.