زووم..
جارێکی دیکە جیهان چاوەڕێ بگرە و بەردەی نێوان ئێران و ئیسرائیلە، ئەمجارەیان بەهۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس دەڵێت، ئیدارەی بایدن تەواو نیگەرانە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و پێیوایە ئێران لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.
رۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژەی روون و ئاشکرای لەبارەی نیازی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل پێگەیشتووە.
ئەمڕۆش حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، پێویستە دوژمنان چاوەڕێی تۆڵەکردنەوەی تووند بکەن.
هاوکات روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ دوو بارهەڵگری چەک لە عێراقەوە دەربازی سوریا بووە و بەرەو دەیرزور لە رۆژهەڵاتی سوریا چوون، کە شوێنی سەرەکیی گرووپە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێرانە.
روانگەى سورى دەشڵێت، ئێران بەنیازە خاکی سوریا بەکاربهێنێت بۆ هەڵدانی زۆرێک لە درۆن و مووشەکەکانی بەرەو ئیسرائیل.
لە لایەکى دیکەوە، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی دەشڵێت، ئیسرائیل خۆی ئامادەکردووە بۆ هێرشی هاوبەشی مووشەکیی بالیستی و کروز، هەروەها درۆنیی ئێران و گرووپە بریکارەکان لە یەمەن و سوریا و عێراق و لوبنانەوە.
دەستەکە دەشڵێت، هەڵسەنگاندنی حکومەتی ئیسرائیل ئەوەیە، ئێران دەیەوێت لەناو خاکی خۆیەوە و بە مووشەک و درۆن ئیسرائیل بۆردومان بکات، بۆیە یوئاف گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکی و بەریتانیاییەکانی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کردووە بۆ بەرگرییکردن لە ئیسرائیل دژی ئێران و بریکارەکانی، وەک ئەوەی لە هێرشەکەی نیسانی رابردووی تاران بۆ سەر تەلئەبیب پێکهێنرا و توانرا رێگری لە زیاتر لە ٣٥٠ مووشەک و درۆنی ئێرانی بگیرێت، کە رووەو ئیسرائیل هەڵدران.
بەڵام وەک ئاژانسی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت هێرشەکەی ئەمجارەی ئێران گەورەتر و ئاڵۆزتر بێت، بۆیە ئیسرائیل هێزە چەکدارەکانی خستووەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە و میدیاکانیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێن، جۆرە مۆبایلێک دراوە بە وەزیرەکانی حکومەتی ئیسرائیل، کە پەیوەستن بە مانگی دەستکردەوە، تا پەیوەندییان نەپچڕێت ئەگەر جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵگیرسا، هەروەها داوا لە هاووڵاتیان کراوە ژێرزەمین و حەشارگەکانیان پاک و ئامادە بکەن، ئەوەش بە گوێرەی رۆژنامەی مەعاریف.
نیویۆرک تایمزیش لەزاری چەند بەرپرسێکەوە دەڵێت، واشنتن ئامادەیە فڕۆکەی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران و بریکارەکانی.