زووم..
بەرپرسی لقی ٢٢ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان رایگەیاند، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەنجامدانی تەقینەوەی بەردەم ماڵەکەی دەستگیرنەکراوە، دەشڵێت، ئەو کەسەی کردەوەکەی ئەنجامداوە دەم و چاوی دیارە بەڵام ناسنامەی دیار نییە.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ـی پارتی لە گەرمیان بە زوومی گوت، ئەوان گومانیان لە هیچ لایەن و کەسێک نییە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوورەکە دەکەن.
گوتیشی، بەلایەنەوە سەیرە، رووداو هەبووە لە سنوورەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ئەنجادەرانی دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەوە ١٧ رۆژە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی بەردەم ماڵەکەی ئەو دەستگیر نەکراون.
ئەم لێدوانەی ئەکرەم ساڵح لەکاتیکدایە، پێشتر ئەنجومەنی ئاسایسی هەرێم رایگەیاندبوو، پارتی کرێکارانی کوردستان تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.
تا ئێستا دامودەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.
رۆژی ١٥ی تەمموز، ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی ٢٢ـی پارتی لە گەرمیان لە بەردەم ماڵەکەی تەقییەوە، بەرپرسەکەی پارتیش بە سوکی بریندار بوو.