نوسینی عەبدولڕەحمان راشید
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بابان حەمە
ئیسماعیل هەنیە خۆی دەیزانی، کە لە سەرەوەی لیستی مۆساددا بووە بکوژرێت، هەرچەندە ئیسرائیلییەکان دەشیانزانی، کە ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی ٧ـی ئۆکتۆبەرەوە نەبووە.
ساڵانێک هەنیە لەگەڵ سەنوار و سەرکردایەتی ئێستای بزووتنەوەی حەماس لە پەیوەندییەکی باشدا نەبوون، ئەو لە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە دوورخرایەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٧ سەرۆکایەتیی دەکرد.
یەحیا سەنوار لە زیندانەکانی ئیسرائیلەوە هاتبوو، ئەو بیست ساڵ لەوێ زیندان بوو، متمانەی گروپە سەربازییەکانی رێکخراوەکەی بەدەستهێنا، لە رێگەی ئەوانیشەوە دەستی بەسەر سەرکردایەتی بزووتەنەوەکەدا گرت و لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، دواتر سەنوار کاری بۆ دوورخستنەوەی ئیسماعیل هەنیە و دەستوپێوەندەکانی کرد و تۆمەتباریکردن بە بێکردەوەیی و پێشەنگیدان بە چارەسەری سیاسیی و ملدان بە فشارە ناوچەییەکان لە پرسی فەلەستیندا.
ئەمە ئیسماعیل هەنیە ناکاتە بەشێکی مێژوویی پرسی فەلەستین، چونکە هەنیە بانگەشەی ئاشتی دەکرد، ئەو بە کەسێکی پراگماتی و نا سەرکێش ناسرابوو.
تەنانەت لە دانوستانەکانی دەوحە، کە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا ئەنجامدەدرا، هەنیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە، بەڵام نەیتوانی فشار بخاتە سەر سەنوار، بۆیە سەنوار هەموو ئەو شتانەی لە هەنیە تێکدا، کە لە چەند مانگی رابردووی دانوستانە سەختەکان کاری لەسەر کردبوو، بەدەستی هێنابوو.
کەواتە بۆچی ئیسرائیلییەکان تیرۆریان کرد؟
کوشتیان، چونکە ئەو سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس و بەناوبانگترین سەرکردەی بزووتنەوەکە بوو.
ئەگەر ئیسماعیل هەنیە چەند مانگێک لەمەوبەر بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی، کە دانوستانکاران دەیانویست، سەرکەوتوو بووایە لە وەستاندنی جەنگەکە، رەنگە ببوایە هۆکاری وەستاندنی خوێنڕشتنی هەزاران فەلەستینی و لەنێو ئەوانەشدا خودی هەنیە خۆی.
رزگاربوون لە هەنیە، خزمەتی زیاتر بە توندڕەوەکانی ناو حەماس دەکات، بێگومان خزمەتی حکومەتەکەی نەتانیاهۆش، کە یەکێک لە گرنگترین بەڵێنەکانی جێبەجێکرد، ئەویش بریتی بوو لە ناوبردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، تەنانەت ئەگەر نەشتوانێت یەحیا سەنواریش دەستگیربکات.
ئایندەی بزووتنەوەی حەماس لەلایەن نەتانیاهۆ و سەنوارەوە لەناوچوو، بزووتنەوەکە و کەرتی غەزەش، بوو بە قوربانی شەن و کەوی توندڕەوەکان، هاوشانیشیان تاران، کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بڕیاریدا یاسای یارییەکە لە فەلەستین بگۆڕێت و رێگری لەو شەمەندەفەرە بکات، کە هەڵگری بەرژەوەندییە ناوچەییەکان بوو.
باجەکە هەریەکە لە ئیسرائیل و ئێران دایان، بەڵام باجە هەرە قورسەکە فەلەستینییەکان دایان، کە بە هەنیەوە تا ئێستا نزیکەی چل هەزار کەسیان لێ کوژراوە.
رەنگە هەندێک پێیان سەیربێت، کە ئێمە دوای ئەوەی هەنیەمان تۆمەتبارکرد، ستایشیشی دەکەین، بەڵام ئەوە راستییە و هەر ئەوەش بوو، کە ترسمان لێی هەبوو رووبدات.
هەنیە و شوێنکەوتووانی حەماس بەردەوام بوون لە گرەوکردن لەسەر ئەوەی، کە تاران و پڕۆژە سیاسیەکەی، پڕۆژەیەکە دەوڵەتی فەلەستینی لێبەرهەمدێت، ئەوەش لە رێگەی سیاسەتی فشاری سەربازییەوە تاران لە رێگەی تۆڕ و بریکارەکانییەوە پەیڕەوی دەکات.
ئەم تراویلکەیە نەبووە راستی، ئەوە نەبێت تەنیا زیان و پاشەکشەی ترسناکتری لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل هێنایە ئارا، بەڵام دەزانین هەنیە بە پێچەوانەی سەنوارەرەوە توانی بە هۆی ئەزموونی سیاسییەوە رەوتی بزووتنەوەکە بگۆڕێت و قەیرانەکە بقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە رێگاچارە، رەنگە لە دەرەوەی ئاگربەست و تەنانەت لە دەرەوەی غەزەش.
ئەو شکستە سیاسییە و لەدەستچوونی دەرفەتەکان و رۆحی ئەو هەموو بێتاوان و بێ سەروشوێنانە، ناتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە، تەنها دەتوانین دوعای بەزەیی بۆ ئیسماعیل هەنیە بکەین و قەرەبووی فەلەستینییەکان بکەینەوە بە سەرکردایەتییەکی جوامێر، بتوانێت ئەم گەلە لە خۆسەپاندن و باڵادەستیی ئیسرائیل و دیماگۆجییەتی عەرەبی و هەلقۆزتنەوەی هەرێمایەتی رزگار بکات.
سەرچاوە: ماڵپەڕی شەرقلئەوسەت