زووم..
ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە بەغداد کۆبووەوە و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لە نێوان فراکسیۆنەکان پێکهات، ئەم رێککەوتنەش دوای چەندین لەمپەر و ئاستەنگیی دێت.
بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا عەدنان شەمەری بە پارێزگاری دیالە هەڵبژێردراوە، کە لە فراکسیۆنی دەوڵەتی قانونە، هەروەها عومەر کوروی بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردراوە، کە سەر بە فراکسیۆنی سەروەریی سوننەکانە.
هاوکات سالم تەمیمی لە کوتلەی عەسائیب وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دیاریکرا، هەریەک لە مستەفا تاڵیب لە فراکسیۆنی عەزم وەک جێگری یەکەمی پارێزگار و ئازی فەیسەڵ جبوری وەک جێگری دووەمی پارێزگا لە فراکسیۆنی تەقەدووم هەڵبژێردران.
رێککەوتنەکە دوای کۆبوونەوەی لایەنە براوەکانی پارێزگای دیالە بوو، کە ئەمشەو لە هۆتیڵ رەشید لە بەغداد کۆبوونەوە و کۆتاییان بە مشتومڕی نێوانیان هێنا، کە دوای هەڵبژاردنەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە نێوانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە سەری هەڵدابوو.