زووم..
لە باکووری رۆژئاوای ئەلبانیا، لە نزیک بەندەری شینجینی نێوان ئیتاڵیا و ئەلبانیا کەمپێک بۆ پێشوازی لە پەنابەران دروستکراوە.
دروستکردنی کەمپەکە بە گوێرەی رێککەوتنی هەردوو وڵاتە و ئەو پەنابەرانە لەخۆدەگرێت، کە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەستگیرکراون.
بڕیاربوو کەمپەکە لە یەکی ئاب بە تەواوی ئامادەبێت، بەڵام هێشتا کەمپەکە تەواو نەبووە، بەڕێوەبەری بەندەری شینجیش دەڵێت، ناوەندی پێشوازی لە پەنابەران ئامادەیە.
ئەو دەشڵێت: من شانازی دەکەم، کە بەرپرسی بەندەرەکەم، چونکە ئێمە چاوەڕێی گەیشتنی پەنابەران دەکەین و هەموو شت بە باشی رێکخراوە. ناوەندی پێشوازیکردنیش پێشوەختە ئامادەکراوە.
بە گوێرەی رێککەوتنی ئەلبانیا و ئیتاڵیا کەمپەکە لەلایەن ئیتاڵیاوە بەڕێوەدەبرێت و پێداویستییەکانی بۆ دابیندەکرێت.
پلانی هەردوو وڵاتیش بەو شێوەیە، کە نزیکەی سێ هەزار پەنابەر لە کەمپەکەدا جێگیربکرێن تا ئەو کاتەی دۆسیەکانیان یەکلاییدەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرەکە ئەوەش دەڵێت: ناوەندەکە لەلایەن ئیتاڵیاوە بەڕێوەدەبرێت، هەموو شتێک لێرە بە گوێرەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەران رێکخراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەو رێککەوتنەی ئیتاڵیا و ئەلبانیا بە نایاسایی دەزانن و پێیانوایە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانە. بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنەی کامپەکەی لێدروستکراوە لە ئەنجامی کۆچی دانیشتووانە رەسەنەکەی چۆڵبووە.