زووم..
دواجار ئیسرائیل کۆتایی بە مشتومڕی چۆنیەتی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە هێنا.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، کە ئەو شەوەی ئیسماعیل هەنیە کوژراوە ئەوان هیچ چالاکییەکی موشەکی و هێرشی ئاسمانیان نەبووە، بەمەش کۆتایی بە مشتومڕەکانی چۆنییەتی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە هێنا، کە بە موشەکی ئاسمانی بە ئامانج نەگیراوە.
دانیال هاغاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا گوتی، ئەو شەوە سوپای ئیسرائیل هیچ چالاکییەکی موشەکی و هێرشی ئاسمانی ئەنجام نەداوە، تەنها هێرشەکەی سەر لوبنان ئەنجامدراوە.
بەمەش گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی کردەوە، کە ئاشکرایکردبوو ئیسماعیل هەنیە لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بە ئامانج گیراوە و بۆمبەکەش دوو مانگ لەمەوبەر لەو میوانخانەیە دانراوە، کە هەنییە لێی ماوەتەوە.
دوای ئاشکرابوونی شێوازی کوشتنەکەی ئێستا پرسیارێکی گرنگتر دەکرێت، کە ئەویش لێکەوتەکانی رووداوەکەیە و جیهان بە نیگەرانییەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات، چونکە ئێران پێداگرە لەسەر وەڵامدانەوە و ئیسرائیلیش ساز و ئامادەیە بۆ بەرگریی.
لەناو ئەم دۆخە ئاڵۆزەشدا ئەمریکا پاڵپشتی سەربازی زیاتری رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی گوتووە، لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، ئەمریکا ١٢ کەشتی سەربازی رەوانەی ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردووە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە چوار هەزار سەربازیشی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، ئەمریکا چەند کەشتییەکی جەنگی، کە لە دەریای سوور جێگیری کردبوون و دژی حوسییەکان بەکاریدەهێنا، ئێستا ئەو کەشتیانەی بەرەو کەنداو و دەریای سور جوڵە پێکردووە.
هەموو ئەم جوڵە سەربازی و لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و دیار نییە ئاڵۆزییەکان بەکوێ دەگات.