رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئیسرائیل بۆ هێرشی فرەبەرە ئامادەکاریی دەکات
چەند سەرچاوەەیکى سەبازیی لە تەلئەبیب دەڵێن، ئیسرائیل دوای کوشتنى ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى حەماس لە تاران و فواد شوکر، فەرماندەى سەربازیی حزبوڵا لە لوبنان، ئامادەکاریی دەکات بۆ خراپترین ئەگەرەکانی هێرشکردن لە چەند بەرەیەکى جۆراوجۆرەوە لە ئێران و لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق و کەرتى رۆژائاوای فەلەستینەوە لە یەک کاتدا.
سەرەڕای خۆ بەدوورگرتنى لە ئێستادا لە جەنگی گشتگیر، بەڵام تەلئەبیب رایدەگەیەنێت کەوتووتە ناو گەورەترین حاڵەتى ئامادەکارییەوە چ لەڕووى سەربازی و چ لەرووی مەدەنیشەوە، ئەوەش خۆی لە بڵاوەپیکردنی زیاتر و چالاککردنى قەڵغانە بەرگرییە ئاسمانییەکانى دەبینێتەوە بۆ بەرگرییکردن لە مووشەکى بالیسیتى و هێرشی فڕۆکەى بیفرۆکەوان لە سەرتاسەری ئیسرائیل.
قودسی عەرەبی
بەرەى مقاوەمە لەگەڵ تاران تاوتوێی بەرپەرچدانەوەى ئیسرائیل دەکەن
ئیسرائیل لەوپەڕی حاڵەتى ئامادەباشیدایە بۆ هێرشکردنە سەری لەلایەن کەتیبە چەکدارییەکانى سەر بەتاران، دوای ئەوەى لە تاران و بەیروت دوو سەرکردەى لێکوشتن.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری پێنج گەورە بەرپرسی تارانەوە بڵاویکردەوە، بڕیاربوو دوێنی نوێنەرانى کەتیبە چەکدارییەکانى لە لوبنان و عێراق و یەمەن لەگەڵ تاران تاوتوێی وەڵام و بەرپەرچدانەوەى ئیسرائیل ئەنجامدەن.
سەرچاوەکەى رۆیتەرز باس لەوەش دەکات نوێنەرانى بزووتنەوەى حەماس و جیهادى ئیسلامی و ئەنساروڵای یەمەنى و حزبوڵای لوبنانی و کەتیبە چەکدارییەکانى عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا لە تاران ئامادەبوون.
دوو سەرچاوەى دیکەش بە رۆیتەرزیان گوتووە، عەلی خامنەیی رێبەرى باڵای شۆرشی ئیسلامی و فەرماندە باڵا سەربازییەکانى پاسداران لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون.

عەرەب
فشارە جەماوەرییەکان لەسەر ئیدارەى خۆسەریی کوردانى سوریا بۆ وەلانانى ناکۆکییەکان لە زیادبووندایە
کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، ترسی خۆیان لە ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق و ئەنقەرە ناشارنەوە، مەترسییەک کە رەنگە لەسەر ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەدەستیانهێناوە لەبارببات، ئەوەی ئاستی دڵەڕاوکێی لەنێو پێکهاتە کوردییەکاندا بۆ دوو هێندە بەرزکردووەتەوە، بارودۆخى ئەو ناکۆکی و دابەشبوونەیە کە گۆڕەپانی سیاسیی بەخۆیەوە دەبینێت.
کوردەکان هەوڵ دەدەن هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە گرنگی هەنگاو بەرەو دیالۆگی نێوان پێکهاتە کوردییەکان هەڵگرێت کە نزیکەی پێنج ساڵە وەستاوە، ئەوەش لە ژێر رۆشنایی نیگەرانییەکان سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی کە سوریا بەخۆیەوە بینیویەتى، کە دەیانەوێت رازی بکەن پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی، بە تایبەت دیمەشق و ئەنقەرە ئاسایی بکاتەوە.

جەریدە
مەترسیی فراوانبوونى گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نرخی نەوتى بەرزکردووەتەوە
دوای کوژرانى بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەى حەماس لە تاران و مەترسی فراوانبوونى گرژییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، نرخی نەوت بەرزبووەوە.
نرخى بەک بەرمیل نەوتى خاوی برێنت تەنها لە دوینێدا 71 سەنتى چووەسەر و بە 81.55 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا، نرخی خاوى تەکساسیش لە هەمان رۆژدا 72 سەنتى چووەسەر هەر بەرمیلێک و بە 78.63 دۆلار مامەلەى پێوەکرا.
پرۆسەى هەردوو کوشتنەکە، ئیسماعیل هەنیە و فوارد شوکر، مەترسیی فراوانبوونى ئەو جەنگەی لێدەکرێت کە ماوەى 10 مانگە لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس بەرپابووە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
غازی ماڵان بە رێژەى %38 گران کرا
لە پاش ئەوەی حکومەت لە یەکی تەمموزەوە کارەبای گران کرد، لە یەکی ئابەوە غازی ماڵانیش بە رێژەى %38 گران کرا.
مستەفا سەریگول پەڕلەمانتاری جەهەپە رایگەیاندووە: ئاک پارتى لە گرانکردن زیاتر هیچ شتێکی دیکە ناکات و هاووڵاتیان لە ئێستاوە خەمی زستانیانە کە چۆن ماڵەکەیان گەرم بکەنەوە بەم گرانییە.
یەنیچاخ
دوو پارتی سیاسیی دیکە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن
لە کۆبونەوەیەکی نێوان موسەفات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی لەگەڵ فاتیح ئەربەکان سەرۆکی گشتیی پارتی رەفای نوێ رایانگەیاندووە پارتەکەیان ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە کردووە.
دەرویشئۆغڵو رایگەیاندووە ئەگەر پارتە سیاسییەکان ویستی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان هەبێت ئەوا ئێمەش لاریمان نییە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، فاتیح ئەربەکانیش رایگەیاندووە دۆخی ئابووری تادێت خراپتر دەبێت، لەبەرئەوە ئەنجامدانى هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بە گرنگ دەزانین.
قەرار
ئاک پارتى حکومەتى دەوڵەمەندەکانە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند: نرخی کیلۆیەک فاسۆلیای تەڕ لە کێڵگەکان بە هەشت لیرەیە و لە ئیستەنبوڵ بە 120 لیرە دەفرۆشرێت. لەبەرئەوەی ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتی خەڵک نییە بەڵکو دەسەڵاتی دەوڵەمەندەکانە و ئاوڕ لە خەڵکی گوند و جوتیاران ناداتەوە.
حکومەت ساڵی پار لە قەرزی 43 گەورە بازرگانی خۆش بووە بە بڕی 660 ملیار لیرە.
میلاد
لەئەمساڵدا زیاتر لە هەزار و 500 ئەندامی پەکەکە لە چالاکی خراون
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لەو ئۆپەراسیۆنانەى لە هەرێمی کوردستانی عیراق و لە رۆژاڤای کوردستان ئەنجامدراون هەزار و 588 ئەندامی پەکەکە لە چالاکی خراون. کە 67 کەسیان لە هەفتەی رابردوودا بووە
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ئیتر چاوەڕوانی وادەی بینینی پزیشکەکان مەکەن
ئەمە وەک سزادانی نەخۆشەکان وایە، کە پزیشکە گشتییەکانی بەریتانیا کارکردنی خۆیانیان کردووە بە نۆرە.
لەمەودووا نەخۆشەکان دەبێت چەندان مانگ بە شپرزەیی چاوەڕوانی ئەوە بکەن وادەی بینینی پزیشکێکیان دەست بکەوێت، پاش ئەوەی کە پزیشکەکان هەڵوێستێکی پیشەییان وەرگرت . بەپێی ئەم هەڵوێستە نوێیە ئەگەرەکانی وەرگرتنی وادەی بینیان کەمدەبێتەوە بۆ نیوە. ئەم هەڵوێستە نوێیە قەیرانێکی تەندروستیی راستەقینە بۆ دانیشتوانی ناوچەی باشووری رۆژئاوا دروستدەکات و رووبەڕووی گرفتیان دەکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە دامەزراوەی پزیشکیی سەربازیی بەریتانی هەڕەشەی پەکخستنی تەواوی دامەزراوەکە دەکات.
دەیلی تەلەگراف
ستامەر رەخنە لە پلانگێڕییەکانی راستڕەوە پەڕگیرەکان دەگرێت، کە ئاژاوەیان ناوەتەوە.
لەپاش روودانی ئاژاوە و توندوتیژی لەسەر کێشەی کوشتنەکانی ناو ساوزپۆرت، سەرۆکوەزیران دەڵێت یاسا و رێساکان چاوپۆشی لە کەس ناکەن.
سێر کێیە ستامەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەخنەی لە باڵە راستڕەوە پەڕگیرەکان گرت، کە لە خۆپیشاندانەکاندا توندوتیژ بوون. خۆپیشاندانی ئەوان لەپاش کوشتنی سێ کچە منداڵەکەی ساوزپۆرتەوە وڵاتەکەی گرتەوە. لەم رووەوە گوتی لە هیچ هەلومەرجێکدا رێگە نادات لەناو شەقامەکاندا یاساشکێنی بکرێت.

تایمز
رووسیا پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی ئەنجامداوە، کە لە سەردەمی شەڕی ساردەوە تا ئێستا گەورەترینە.
رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لەناو ئەو زیندانیکراوانەدایە، کە ئازادکران و گەڕانەوە بەرەو رۆژئاوا. ئەڵمانیاش بکوژێکی ئازادکرد و گەڕاندیەوە بۆ مۆسکۆ.
ئیڤان گەرشکۆڤیچ، پەیامنێرێکی ئەمریکییە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە مۆسکۆ زیندانیکرابوو، دادگاییکردنێکی وەک نمایشیشیان بۆ ئەنجامدا ، دوێنی لە زیندانی (رۆژهەڵات- رۆژئاوا)وە ئازادکرا.
ئەو کەسانەی مۆسکۆ ئازادیکردن بریتی بوون لە گەرشکۆڤیچ، دوو هاووڵاتیی دیکەی ئەمریکی، بەریتانییەکانی بە رەچەڵەک روسی و چەند ئەڵمانییەک، کە ئەمە بە گەورەترین پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردن دادەنرێت لە سەردەمی شەڕی ساردەوە تائێستا. لە بەرامبەری ئەمانەدا دوو کەس بۆ مۆسکۆ ئازادکران، کە بە (بکوژانی پاسکیلەکە) ناسراون لەگەڵ 16 کەسی دیکەدا، کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن یان هاککردنی ئینتەرنێتی تۆمەتبار بوون. کۆی گشتیی ئاڵوگۆڕپێکراوەکان گەشت بە 24 کەس.

ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل سەنگەربەندیی خۆی دەکات بۆ ئەگەری کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە کوشتنەکان.
نەسروڵاش هەڕەشە دەکات، دەڵێت هێڵی سوور بەزێندراوە و ئەویش وەڵامی دەبێت.
رۆژی پێنج شەممە ئیسرائیل گوتی، کە ئامادەکاری خۆیی کردوووە، بۆئەوەی کە ئێران وەڵامی هەبێت بۆ کوشتنی فوئاد شوکریی سەرکردەی حزبوڵا لە بەیروت و بۆ ئەو راگەیاندنەش، کە ئیسرائیل دڵنیایی داوە لەوەی کە رۆژی 13ـی تەمموز لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە بە فڕۆکە ئەنجامدراوە محەمەد زەیفی سەرکردەی سەربازیی حەماسی لەناو ناوچەی خان یونسدا کوشتووە.