زووم…
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لوبنان، هەروەها یەمەن کۆدەبێتەوە بۆ بۆ تاووتوێکردنی ئەگەرەکانی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل لەبەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەب سیاسی حەماس.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە تاران بەڕێوەدەچێت و عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران بەشدار دەبن.
لەئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئەگەری شەڕێکی گەورەدایە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە بەرەبەیانی 31ـی مانگی رابردوو لە تاران کە ئێران و هاوپەیمانەکانی، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی، بەڵام تا ئێستا ئیسرائیل دانی پێدا نەناوە.
بەگوێرەی گوتەی پێنج سەرچاوە کە بۆ رۆیتەرز قسەیان کردووە، نوێنەرانی حەماس و جیهادی ئیسلامی، حوسییەکان، حزبوڵای لوبنان و بەرەی مقاوەمەی عێراق لە کۆبوونەوەکەی تاران بەشدار دەبن.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: تاران و نوێنەرانی ئەو گروپانە هەڵسەنگاندنێکی تەواوەتی دەکەن بۆ ئەوەی باشترین و کاریگەرترین رێگە هەڵبژێرن بۆ تۆڵەکردنەوە.
پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئێران بەنیازی هێرشی درۆنی و مووشەکییە بۆ سەر ئامانجی سەربازیی لە دەورووبەری حەیفا و تەلئەبیب بە هاوبەشی میلشیاکانی لە عێراق، سوریا و یەمەنەوە تا بتوانن “گەورەترین کاریگەری دروست بکەن.”
بەرپرسانی ئێران نەیانشاردووەتەوە تۆڵەی خۆیان لە ئیسرائیل دەکەنەوە و چەند جارێک دوای کوشتنی هەنیە لێدوانیان لەوبارەیەوە داوە. تەنانەت خودی عەلی خامنەیی رایگەیاندووە، تۆڵە دەکەنەوە.
هاوکات، باڵی سەربازی حەماس، کە بە کەتائیبی قەسام ناسراوە، رایگەیاندووە، تۆڵە دەکەنەوە و کوشتنی هەنیە “جەنگی بەرەو رەهەندێکی نوێ بردوووە و کاریگەری گەورە دروست دەکات.”
هەر لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەبێ ئاماژەکردن بۆ ئیسماعیل هەنیە گوتی، لە چەند رۆژی رابردوو “گورزێکی کوشندەمان لە دوژمن” داوە و چەند رۆژی داهاتوو “سەخت” دەبێت، بەڵام “ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆیەک.”