زووم..
لەسەر داواى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ هەفتەى داهاتوودواخرا.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بە زوومى راگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ لەسەر داواى پێنج ئەندامەکەی یەکێتی و یەک ئەندامەکەی مەسیحییەکان کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت بەمەبەستى هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجومەن و پارێزگارى کەرکوک.
ئاماژەى بەوەشکرد، تەواوى ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچونى کۆبوونەوەکە تەواو بوو بوو، بەڵام لەسەر داواى سودانى و بۆئەوەى دەرفەت بدرێتە تەواوى لایەنەکان بۆ رێککەوتن، کۆبوونەوە بۆ سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دواخرا.
دواى ناکۆکیەکی زۆری کوتلە سیاسییەکان، رۆژی 7ـی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە سەرۆکایەتى راکان جبورى بەڕێوەچوو کە هەر 16 ئەندامەکەى ئەنجومەنی پارێزگاکە بەشداربوون.
هەر ئەو کاتە لایەنەکان بەڵێنامەیەکیان لە نێوان خۆیاندا واژووکرد کە سەرجەم لایەنەکان بەشداربن لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێى کەرکوک و لە ماوەى مانگێکدا ئیدارەى کەرکوک پێکبهێندرێت.