زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
جەهەپە 30 ملیار لیرە قەرزی شارەوانییەکانى مەهەپە و ئاک پارتی لەسەرە
ئۆزکان زەیبەرک، پەرلەمانتاری جەهەپە لە تورکیا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـى ئازاردا، جەهەپە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و توانی 100 شارەوانیی لەدەستی ئاک پارتى و مەهەپە وەربگرێتەوە، تەواوى ئەو شارەوانیانەش بڕی 30 ملیار لیرە قەرزیان لە گەنجینەى دەوڵەت کردووە و قەرزەکەیان بۆ دەوڵەت نەگەڕاندۆتەوە، حکومەت داوادەکات جەهەپە ئەو قەرزانە بگەڕێنێتەوە.
لە ساڵى 2019ـدا پێنج گەورەشارەوانیی ئاک پارتی بڕی 5.3 ملیار لیرە قەرزی کردووە.
یەنی بیرلیک
داهاتى کەرتی گەشتیاریی تورکیا زیادی کردووە
محەمەد ئەرسۆی وەزیری گەشتیاریی و کلتووریی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا 56 ملیۆن و 694 هەزار گەشتیارمان هەبووە، لەمساڵدا ئامانجمان ئەوەیە ئەو ژمارەیە بگەیەنینە 60 ملیۆن گەشتیار.
لە شەش مانگی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەى گەشتیار 11.8% زیادی کردووە و 14 ملیار 875 ملیۆن لیرە داهاتمان هەبووە. بەم ژمارەیەش داهاتى گەشتیارییمان زیادی کردووە.
یەنیچاغ
باج لەسەر زەڕەنگەرەکان زیاد دەکرێت
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی رایگەیاند، رێژەى باجی مانگانەى زەڕەنگەرەکان دیاری کراوە بە بڕی 16 هەزار و 46 لیرە، کە دەکاتە نزیکەى 500 دۆلاری ئەمریکی.
ئەڤرەنسەل
سڕینەوەى نووسینی کوردی لەسەر شەقامەکان بە فەرمانی وەزیری ناوخۆى تورکیا بووە
هەفتەى رابردوو لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان نووسینی “بەهێواشی، پێشڕەوی بۆ پیادەیە” بە کوردی لەسەر شەقامەکان لەلایەن چەند کەسێکەوە سڕانەوە.
لەو پارێزگایانەش هەریەک لە مێردین، باتمان، وان، ئامەد بووە، کە لەلایەن شارەوانییەکانى دەم پارتییەوە لەسەر شەقامەکان بە کوردی و بە تورکی ئەو هۆشدارییانە نووسرابوون.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەنجامدانى ئەو کارە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ بووە، کە گوتویەتی پێویستە نووسینە کوردییەکە بسڕێتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئێرانن
پاش ئەوەی دوو کەسی سەربازیی دۆستی تاران کوژران، ئێستا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکرێت. لە رۆژی چوارشەممەوە هەموو چاوەکان روو لە ئێرانن، ترسی ئەوە هەیە ئەو وڵاتە بیر لە تۆڵەسەندنەوە بکاتەوە و شەڕێکی بەرفراوانتر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتەئاراوە، چونکە دوو کەسی سەربازیی نزیک لە ئێران کوژران.
بە چەند کاتژمێرێکی کەم لەپاش فوئاد شوکر کوژرانی، سەرکردەی سەربازی لەڕێی درۆنێکی ئیسرائیلییەوە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى حەماس بە هێرشێکی مووشەکیی دیکە لەنێو تاراندا کوژرا، ئەگەرچی میوانی دەوڵەتی ئێرانیش بوو.
چاینە دەیلی
پەکین بە نیازە سیاسەتی نوێی ئاسانکاریکردن بۆ گەشتیارانی بیانی رابگەیەنێت
پەکین بە نیازە سیستمێکی نوێی گەشتکردن و هاتوچۆ بۆ خەڵکانی بیانی لەنێو پەکیندا رابگەیەنێت، کە کۆمەڵێک ئاسانکاریی زۆر بە یەک پاکێج پێشکەش بکات.
لە سەرەتاوە لە پەکین رێگەیەکی لاوەکی بۆ هاتوچۆکردنی خەڵکانی بێگانە دروستدەکرێت، لە سەر ئەو رێگەیە گەشتیاران دەتوانن کارتە بانکییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان بۆ هەر مامەڵەیەک بەکاربهێنن، ئەگەر هی دەرەوەی وڵاتی چینیش بێت، هەر بەو کاراتانەی خۆیان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی حەوت هێڵی شەمەندەفەری نێو پەکین و دوو فڕۆکەخانەش وەربگرن، کە بە ئاسانی لەڕێی شەمەندەفەرەکانەوە دەتوانن پێیان بگەن.
واشنتن پۆست
کوشتنی سەرکردەی حەماس چ شتێک بۆسەر ئەو فەوزایە زیاد دەکات کە هەیە؟
ئەم هێرشە کوشندەیە سێبەر و کاریگەریی خۆی دەخاتە سەر گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەزە و ئازادکردنی بارمتەکان
لەوانەیە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئومێدی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دوابخات یان هەر نەهێڵێت ئەو ئاواتە بێتەدی، کە گوڕێک بگەڕێتەوە نێو دانوستاندنەکانی ئاشتی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی شەڕی غەزە.
هەنیە خۆی سەرۆکی گرووپی دانوستانکارەکان بوو، سەرۆکایەتیی گفتوگۆ ناڕاستەخۆکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکرد.
ئیندیپێندەنت
هوو ئێدواردز لەسەر کێشەی وێنەی گێچەڵکردن بە منداڵان زیندانی دەکرێت
بێژەرێکی پێشووی کەناڵی بی بی سی، کە ناوی هوو ئێدواردە و تەمەنی 62 ساڵە، تاوانێکی لەسەر ساغ بووەتەوە، کە 41 وێنەی جیاوازی زۆر هەستەوەری سێکسیی منداڵانی هەبووە و پاراستوویەتی.
لە دوانیاندا ڤیدیۆی سێکسی لەگەڵ کوڕی تەمەن حەوت ساڵدا هەیە، لە ساڵی رابردوودا دەیزانی دەکرێت لەسەر ئەو وێنانە زیندانی بکرێت، کەچی لە مۆبایلەکەیدا هەر هێشتبوونیەوە.
حەوت دانە لەو وێنانە لەلایەن کەسێکەوە بۆ هوو نێردرابوون، کە کوڕێکی تەمەن 25 ساڵە و دەزانرێت نەخۆشیی پیدۆفیلیای هەیە.
وێنەکان لەنێوان مانگی کانوونی یەکەمی 2020 و مانگی ئابی 2021ـدا گەیشتوون بە هوو، تائێستا هەر پارێزگاریی لێکردوون.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کێن ئەوانەى بڕیاری کوشتنى ئیسماعیل هەنیەیان دا؟
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لە ژمارەى ئەمڕۆیدا زۆرینەى لاپەڕەکانى بۆ بەدواداچوونى کوژرانى ئیسماعیل هەنیە تەرخانکردوە و تێیدا شەنوکەوى زۆر بابەتى کردووە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى ئەو رۆژنامەیە بڕیاری کوشتنى ئیسماعیل هەنیە دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیل، کە لە چەند کەسێکدا قەتیسیان کردووە، ئەوانیش بنیامین نەتانیاهۆى، سەرۆکوەزیران، یواف گالانت وەزیری بەرگریی، رون دیرمەر، وەزیری ستراتیژیی، هێرتسی هێڵفی، سەرۆک ئەرکانى سوپا، رونین بار، سەرۆکی مۆساد و سەرپەرشتیارى دانوستانەکان لەگەڵ حەماس و سەرۆکی شاباک و ژمارەیەکى دیکە، کە ناوى نەهێناون.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لیژنە تایبەتەکە لە کاتژمێر 8:00ـى شەوى سێ شەممە لەسەر چوارشەمەوە کۆبوونەتەوە و شوێنەکەیان بەجێنەهێشتووە تاوەکو چالاکییەکە جێبەجێکراوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە هەموو ئەگەرەکانیان تاوتوێ کردووە، لەوانەش فراوانبوونى جەنگەکە بۆ رووبەرێکى فراوانتر، هەربۆیە بڕیاریان داوە بەهیچ شێوەیەک لێدوانى لەبارەوە نەدرێت و تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو رستانەى تەورات بڵاوبکرێنەوە، کە باس لە تۆڵەکردنەوە و گەڕان دەکات بەدواى دوژمناندا.
مەدا
گۆڕانکارى لە مووچەى سەرجەم فەرمانبەرانى عێراق دەکرێت
عارف محامی، ئەندامى لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە کاتى هەمواری یاساى پلەبەندى وەزیفى، مووچەى سەرجەم فەرمانبەرانى عێراق بەرزدەکرێتەوە و پلەبەندى وەزیفى فەرمانبەران لاى حکومەتە و هێشتا رەوانەى پەرلەمانیان نەکردووە، بۆ ئەوەى بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
راشیگەیاند، پەرلەمان لە چاوەڕوانى حکومەتدایە و لە میانى گفتوگۆکردن و بڕیار لەسەردانیدا ژمارەیەک یاساو و بڕیارى پێشوو هەڵدەوەشێتەوە.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران لە 20ـى شوباتى رابردوودا رایگەیاند، بە هەموارکردنەوەى یاساى پلەبەندى وەزیفى 34 یاسا و بڕیارى پێش خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە ئەوەش پێویستى بە توێژینەوەى ورد و زیاترە.
سەباح
حزبی بەعس خۆی رێکدەخاتەوە و ئاسایش و حەشد لە بۆسەدان بۆیان
حەشدى شەعبی رایگەیاند، لە ماوەى شەش مانگى رابردوودا 35 کەسیان دەستگیرکردووە، کە سەربە رێکخستنەکانى حزبی بەعسى هەڵوەشاوە بوون و سەرجەمیان رادەستى یاسا کردوە.
فازڵ ئەبو رەغیف، پسپۆڕی ستراتیژی لەو بارەیەوە دەڵێت، حزبی بەعس بووەتە مایەى ناکۆکی و دڵەڕاوکێ بۆ کۆمەڵگەى عێراقى.
راشیگەیاندووە حزبی بەعس ئێستا بە نهێنى دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووە.
دەستور
عێراق دووەم وڵاتى هاوردەکاری خواردنى سەگ و پشیلەیە
محەمەد ئوزتورک، سەرۆکی کۆمەڵەى هەناردەکردنى پاقلەمەنی و زەیت و بەرهەمە دەریاییەکانى تورکیا رایگەیاند، عێراق لە پلەى دووەمدایە بۆ کڕینى خواردنى سەگ و پشیلە لە وڵاتەکەیان.
راشیگەیاند، رێژەى هەناردەکردنى خواردنى سەگ و پشیلە لەمساڵدا بەڕێژەى 26.5% بەرزبووتەوە، تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە 57.7 ملیۆن دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 73 ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەشکردوە 91 وڵات خۆراکی سەگ و پشیلە لە تورکیا وەردەگرن، مالیزیا لە ریزبەندى یەکەمدایە و عێراقیش لە ریزبەندى دووەمدایە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە عێراق لە نیوەى یەکەمى ساڵی 2023ـدا بە بەهاى چوار ملیۆن و 800 هەزار دۆلار خواردنى سەگ و پشیلەى کڕیوە، بەڵام لە نیوەى یەکەمی ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە بۆ حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، لەدواى عێراقیش ئاماژە کراوە بە سعودیە، یۆنان، ئوردن، بەریتانیا، لوبنان، ئەڵمانیا و بولگاریا، کە خواردنى سەگ و پشیلە لە تورکیا دەکڕن.
رۆژنامە فارسییەکان
هونەرمەند
ژمارەی پێوانەیی گرانترین بلیتی نمایش شکێندرا
کۆنسێرتی نمایشی رۆستەم و سۆهراب، کە لە یاریگەی نێودەوڵەتی شۆڕشی تاران پێشکەشدەکرێت، ژمارەی پێوانەیی نرخی بلیتەکانی شکاند.
نرخی بلیتی ئەم نمایشە بە یەک ملیۆن و 350 هەزار تمەن دانراوە و تەنانەت لە نرخی بلیتی کۆنسێرتەکانی مۆسیقای پۆپ زیاترە.
بەهۆی بارودۆخی ئابووری زۆرێک لە بینەرانی شانۆ ناتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەن و تەنها چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا توانای بینینی ئەم نمایشەیان هەیە.
کەیهان
تۆڵەی خوێنی میوان لای خاوەنماڵە و دونیا چاوەڕوانە
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، ئەم هێرشە کاردانەوەی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێنا و سوپای پاسداران رایگەیاند، چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی توند لە بەرەی خۆڕاگری و بە تایبەت ئێرانەوە دەکرێت، بەڵام هەندێک لە رەوتی ناوخۆیی ئێران هەوڵی بێبەریکردنی ئەمریکا لەم تاوانە دەدەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئێران نابێت هیچ کاردانەوەیک بەرامبەر ئەم هێرشە ئەنجام بدات.
یادگاری ئیمروز
کرێکارانى ئێران ژینگەی کارکردنیان بێ شادییە
حەسەن موسەوی، سەرۆکی کۆمەڵەی توێژەرانی کۆمەڵایەتیی ئێران دەڵێت، کۆمەڵگەی کرێکاری ئێران، کە نزیکەی 15 ملیۆن کرێکار و بنەماڵەکانیان لە خۆدەگرێت، رووبەڕووی کێشەی گەورەی وەک ئالوودەبوون، توندوتیژی، تێکچوونی دەروونی و تەڵاق دەبێتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی کرێکاران زیاترە لە چینەکانی دیکە.
موسەوی جەخت لەوە دەکاتەوە خاوەنکاران و وەزارەتی کار وەک پێویست گرنگی بە تەندروستیی دەروونی کرێکاران نادەن، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا یەکەکانی پشتیوانی دەروونی لە شوێنی کاردا هەن، بەڵام لە ئێران نەبوونی بەرنامەی هەمەلایەنە و داتای نوێکراوە بووەتە هۆی ئەوەی کێشەی کرێکاران پشتگوێ بخرێن و شوێنەکانی کار بەهۆی گرنگیدان بە قازانجەوە شاد و زیندوو نەبن.
خوب
ریوڕەسمی ماڵئاوایی لە ئیسماعیل هەنیە ئەمڕۆ لە تاران بەڕێوەدەچێت
موحسین مەحمودی، بەرپرسی ئەنجومەنی هەماهەنگی راگەیاندنی ئیسلامیی پارێزگای تاران رایگەیاند، دوای نوێژی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لەسەر تەرمەکەی، رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە ئیسماعیل هەنیە کاتژمێر 8:00ـی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە له زانکۆی تارانەوە دەستپێدەکات و داوای لە خەڵکی ئێران کرد بۆ بەشداریکردن لەم رێوڕەسمەدا بەشێوەیەکی شکۆمەندانە ئامادەبن.