زووم..
تا دێت پەردە لەسەر نهێنییەکانى کوشتنى ئیسماعیل هەنیە هەڵدەدرێتەوە و وەڵامى ئەو پرسیارە رووندەبێتەوە، کە دەڵێت: ئیسرائیل چۆن دەستى گەیشت بە ئیسماعیل هەنیە؟
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیکی ئێرانی، کە هێشتا پشتراستنەکراوەتەوە، دوای کوژرانی هەنیە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کردووە، کۆبوونەوەکە لە ماڵی عەلی خامنەیی، بە ئامادەبوونی خۆی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵات و سەرکردە سەربازییەکان بەڕێوەچووە.
سەرچاوەیەکی باڵا، کە لە کۆبوونەوەکەدا بووە بە ئەمواج میدیای گوتووە، گومان هەیە بازنەی یەکەمی تیمی ئەمنی هەنیە، کە مەبەست لە پاسەوانە فەڵەستینییەکانییەتی، دەستیان لە کوشتنی هەبووبێت.
بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی تاران ئەوەیە، کە درۆن لە هێرشەکەدا بەکارهاتبێت لەدوای ئاشکراکردنی شوێنی هەنیە لەلایەن تیمە ئەمنییەکەی خۆیەوە.
بەیانى ئەمڕۆ چوار شەممە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەتاران کوژرا و بزووتنەوەکەش دەڵێت، ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی کردوویەتییە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیەنراوی فەرمی سوپای پاسدران، ئەمڕۆ بە هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل، بارەگاو شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە بۆردومان کراوە و لە ئەنجامدا هەنیە و یەکێک لە پاسەوانەکانی کوژراون.
راگەیەنراوەکەی پاسداران باس لەوە دەکات دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، حەماسیش لە راگەیەنراوێکدا کوژارنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکەیان پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت، دوای ئەوەی هەنییە لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران بەشدارییکردووە، ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی کردوێتییە ئامانج.