زووم..
لە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، بەهای تمەنی ئەو وڵاتە بەرامبەر دۆلار بە رێژەی لەسەدا سێ دابەزی.
دوێنێ هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی تاراندا بەرامبەر بە ٥٩ هەزار تمەن بوو، بەڵام دوای کوژرانی هەنیە گەیشتە ٦١ هەزار تمەن، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی بازاڕی بۆرسەی ئێران.
هاوکات بەهای زێڕ و نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوە و شارەزایانی ئابووری هۆکاری ئەم پێشهاتانە دەگەڕێننەوە بۆ دۆخی ناسەقامگیریی سیاسی و زیادبوونی نیگەرانییەکان لە بازاڕە داراییەکاندا، هەروەها زۆرێک لە سەرمایەداران نیگەرانن لە ئەگەری کاریگەرییەکانی ئەم رووداوە لەسەر ئاڵۆزبوونی ناوچەکە و شەڕی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە تارانى پایتەختى ئێران هێرش کرایە سەر شوێنى مانەوەى ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس و بەهۆى هێرشەکەوە کوژرا، کە کوژرانەکەشى کاردانەوەى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى لێکەوتەوە.