زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
حەشدى شەعبی 2000 سکاڵای لەسەر پەرلەمانتارێک تۆمارکردووە
دادوەر نەجم عەبدوڵا، سەرۆکی داواکاری گشتى لە پارێزگای واست داوایەکی لەسەر پارێزەر سەجاد حسێن، ئەندامى سەربەخۆ لە پەرلەمانى عێراق تۆمارکردووە، بەتۆمەتى خستنەپاڵى تاوانى کوشتن لەلایەن سەرکردەکانى حەشدى شەعبییەوە.
دادگاى تێهەڵچونەوە داوایەکى ئاراستەى پەرلەمان کردووە کە پارێزبەندى لەسەر هەڵبگیرێت بۆئەوەى دادگایی بکرێت، ئەندامەکەى پەرلەمانیش رایگەیاند، تائێستا 2000 سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە، دەچمە بەردەم دادگا و بەرگری لەخۆم دەکەم، زۆرینەى ئەو سکاڵایانە دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانەکانى تشرینى یەکەمى 2019 کاتێک هێرشکرایە سەر خۆپیشاندەران و زیاتر لە هەزار کەس کوژران و بریندار بوون، من داوامکردوە حەشدى شەعبی ببێتە هێزێکى فەرمی و پەیوەستبکرێتەوە بە هێزە ئەمنیەکانى حکومەتەوە تاوەکو لەژێر چەتریى ئەواندا ئێران هەژموونى خۆی بەسەر عێراقدا نەسەپێنێت.
مەدا
عێراق بەدەست کەمى دەرمانەوە دەناڵێنێت
مستەفا هیتى، نەقیبی پێشووى سەندیکاى دەرمانخانەکانى عێراق رایگەیاند، تاوەکو 2023 لە عێراقدا 20 کارگەى بەرهەمهێنانى دەرمان هەبوو، بەڵام لەبەر کێشەکانى وەبەرهێنان لە عێراق نیوەیان کاریان نەدەکرد.
ئوسامە هادی، گوتەبێژى دەرمانخانەکانى عێراق رایگەیاند، دابینکردنى بودجەى تایبەت بە بەرهەمهێنانى دەرمان زۆر لەوە زیاترى دەوێت، کە بۆی دیاریکراوە، هەر ئەوەش بووەتە هۆی نەبوونى دەرمان لە نەخۆخشانە گشتییەکان، گوتوویەتى، کێشەکە لە پێنج ساڵی داهاتوودا چارەسەر دەبێت.
زوحا جبوری، گوتەبێژى وەزارەتى پیشەسازی بە رۆژنامەى مەداى گوتووە، کەرتى تایبەت و کۆمپانیاى گشتى بەرهەمهێنانى دەرمان تەنها 15%ـى پێداویستیەکانى دەرمان پڕدەکەنەوە و پێویستمان بە کارگەى دیکە هەیە.
سەباح
جگەرەى ئەلیکترۆنی هەڕەشەیەکى گەورەیە لەسەر ژیانى لاوان
بەگوێرەى بەدواداچونێک، کە لەنێو قوتابخانەکانى ئەمریکادا ئەنجامدراوە زیاتر لە دوو ملیۆن قوتابی جگەرەى ئەلیکترۆنى دەکێشن، ئەم جۆرە جگەرەیەش لەنێو قوتابیاندا زۆرترین بەکارهێنەرى هەیە.
بەگوێرەى راپۆرتى ناوەندى ئەمریکی بۆ رێگری لە نەخۆشی و بەرگریی پێکهاتەى جگەرەى ئەلیکترۆنى 90%ـى نیکۆتینە کە زیانى گەورە بە مێشک و مۆخ و دەم و ددان دەگەیەنێت و هۆکارێکى سەرەکیشە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەى پووک و رێکنەبوونى لێدانى دڵ و چەندین نەخۆشى دیکە کە لەماوەى درێژدا دەردەکەون.
دەستور
عێراق حەوت فڕۆکەى بێڵ 505ـى لە ئەمریکا وەرگرت
محەمەد عەبدولکەریم، لیوا روکنى فڕۆکەوانى و سەرۆکی فڕۆکەوانى لە سوپاى عێراق رایگەیاند، حەوت فڕۆکەى جەنگی بێڵ 505ـى لەلایەنى ئەمریکا وەرگرتووە و ئەوەش پێشکەوتنێکى دیکە لە بوارى پاراستنى ئاسمانى عێراق دێنێتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەختى کردوەتەوە ئامادەکاریی دەکەن بۆ راهێنانى فرۆکەوانەکان تاوەکو ئەو جۆرە نوێیانە بەکاربهێنن و بتوانن ئاسمانى عێراق بپارێزن و ئەرکەکانى خۆیان بە باشى بپارێزن.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئازەربایجان و پاکستان زیادی کردووە
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئازەربایجان و پاکستان زیادی کردووە.
لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان قەبارەی ئاڵوگۆڕەکان 38% لە رووی بەهاوە گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 241 ملیۆن دۆلار.
هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ پاکستان لە رووی بەهاوە بە رێژەی 13% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 928 ملیۆن دۆلار.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی بەگشتی گەیشتووەتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار و لە دوای ئیماراتی عەرەبی، تورکیا و عێراقەوە، پاکستان پلەی چوارەمی گرتووە لە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا.
ئاسیا
لە سنە 25 هەزار پشکنین بۆ چاودێریی کوالێتی ئاوی خواردنەوەی دەکرێت
شاهو محەممەدی، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 25 هەزار پشکنینی جیاواز لەسەر ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاکە کراوە.
محەمەدی دەڵێت، ئەم پشکنینانە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و کوالێتی ئاوی خواردنەوە ئەنجام دەدرێن، تاقیگەکانی کۆمپانیاکە بە بەردەوامی چاودێری کوالێتی ئاو لە تۆڕ و کۆگاکانی شار و گوندەکاندا دەکەن.
مەبەست لەم رێوشوێنانە دڵنیابوونە لەوەی ئەو ئاوەی هاووڵاتیان بەکاریدەهێنن بەرزترین کوالێتی و سەلامەتی هەبێت.
هەمدلی
ئامارێکی ترسناک لە جەڵتەی گەرما لە ماوەی یەک هەفتەدا
بابەک یەکتاپەڕەست، گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، 343 کەس، کە نیشانەکانی جەڵتەی گەرمایان هەبووە لەم هەفتەیەدا گەیەندراونەتە ناوەندە پزیشکییەکان.
دەڵێت، 35 کەس لە شوێنی خۆیان لەلایەن خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکانەوە چارەسەریان بۆ کراوە و 21 نەخۆش لە سەنتەرەکاندا خەوێندراون، کە پێویستیان بە چارەسەری زیاتر هەبووە.
دەڵێت، گەرما بووە بە مەترسی بۆ هەموو هاووڵاتییان.
ئارمانی ئیمروز
رێژەی هاوسەرگیری لە ئێراندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هاندانی گەنجان بۆ هاوسەرگیری، بەڵام ئەم رێوشوێنانە نەیانتوانیوە کاریگەرییەکی گەورەیان هەبێت لەسەر زیادکردنی رێژەی هاوسەرگیری، ژمارەی هاوسەرگیرییەکان لە ماوەی 10 ساڵدا بۆ نیوە کەمیکردووە.
هەروەها رێژەی جیابوونەوە لە ساڵانی رابردوودا زیادی کردووە و تێکڕای تەمەنی یەکەم هاوسەرگیری و جیابوونەوەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
لە ئێستادا تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری بۆ ژنان 24 ساڵ و بۆ پیاوان 28 ساڵە. هەروەها تێکڕای تەمەنی جیابوونەوە لە هەمان ساڵدا بۆ ژنان 34 ساڵ و بۆ پیاوان 39 ساڵە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
تادێت دەنگەکانى جەهەپە زیاددەکات
بەگوێرەى دوایین راپرسی ناوەندی میترۆپۆل بۆ توێژینەوە و راپرسی، ئاک پارتی لەماوەی یەک مانگدا دەنگەکانى شەش خاڵ پاشەکشەی کردووە.
لە راپرسیەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە ئەگەر لەم یەکشەممەیەدا هەڵبژاردن بکرێت دەنگ بە چ پارتێکی سیاسی دەدەیت، 33.8%ـى بەشداربووان دەنگیان بە جەهەپە داوە و 26.1%ـى بەشداربووان دەنگیان بە ئاک پارتى داوە.
لە راپرسییەکەدا 80%ـى بەشداربووان لەوبڕوایەدان حکومەتى تورکیا لە بەڕێوەبردنی سیاسەتى ئابووری شکستیهێناوە.
میللییەت
پێدانی فیزای شنگن بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی تورکی ئاستەم دەبێت
تادێت پێدانی فیزەی شنگن بۆ هاووڵاتیانی تورکیا ئاستەم دەبێت، ئەو کەسانەى بەمەبەستی وەرگرتنى فیزا سەردانى کومپانیاکانى وەرگرتنى فیزا دەکەن، 50%ـیان رەتکراونەتەوە.
لە وڵاتانى ئەوروپا تەنها فیزاى یۆنان بە ئاسانی لە ماوەى دوو هەفتەدا بە هاووڵاتیانى تورکیا لەڕێی باڵیۆزخانەى وڵاتەکەوە دەدرێت.
حوڕییەت
سەرژمێری تورکیا جێگیرنییە
بەگوێرەى داتاکانى دەزگای ئاماری تورکیا، سەرژمێری تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2023ـدا ژمارەى دانیشتووانى وڵاتەکە 85 ملیۆن کەس بووە.
بەگوێرەى توێژینەوەیەکی دەزگاکە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2030 ژمارەکە بۆ 88 ملیۆن و لە ساڵی 2050ـدا بۆ 94 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
دەزگاکە رایگەیاندووە، لەپاش ساڵی 2050ـەوە ژمارەى دانیشتووانى کەمدەبێتەوە و لە ساڵی 2100ـدا دەبێتە 77 ملیۆن کەس.
قەرار
داودئۆغڵو پێشنیازی دەستەى کەسانی عاقڵمەند دەکات
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى تورکیا، پێویستە هەموو پارتەکان رێکبکەون لەسەر پێکهێنانى 15 بۆ 20 کەسی عاقڵمەند، تەنانەت لەسەر ئەوەش گفتوگۆ بکەین تورکیا لە داهاتوودا بدەینە دەست کێ.
لەوبارەیەوە دەستەى عاقڵمەندان دەتوانن پێشنیاز و چارەسەری خۆیان بخەنەڕوو.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
کوشتنی منداڵەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە
سەرباری ئەوەی وەزیر داوایکردبوو هیچ توندوتیژییەک روونەدات، کەچی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جەماوەری لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دەوری مزگەوتێک لە ساوزپۆرت رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
شەوی رابردوو خۆپیشاندانی جەماوەری لەنێو شاری ساوزپۆرت توندوتیژیی لێکەوتەوە. سەدان کەس لە خۆپیشاندەران پەلاماری مزگەوتێکی ئەو شارەیان دا.
پاش ئەوەی کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر یانەیەکی کۆبوونەوەی پشووەکان و چەند منداڵێکی کوشت، کە هەواداری تایلەر سویفتی گۆرانیبێژ بوون. ئەو منداڵانە لەوێ لەسەر ئاوازی گۆارنییەکانی ئەو هونەرمەندە سەمایان دەکرد.
ئەو خۆپیشاندەرانە لە دەوری مزگەوتێک کۆبوونەوە و بەردبارانیان کرد، لەبەرئەوەی لە راگەیاندنەکانی پۆلیسدا هیچ شتێک لەبارەی پاشخانی ئاینیی کەسە پەلاماردەرەکەوە نەگوترابوو، بۆیە لە درێژەی توندوتیژییەکاندا ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس سوتا و ئەفسەرێکیش بریندار بوو.
دەیلی ئێکسپرێش
بۆچی ئەمانەمان لێ سەندرایەوە؟
وێنەی سەرەکیی لاپەڕە یەکی ئەم رۆژنامەیە وێنەی ئەو سێ کچە منداڵە خوێندکارەی لەسەر دانراوە، کە لە یانەیەکی سەماکردندا بە چەقۆ لەلایەن پەلاماردەرێکەوە کوژران. کەسوکار و هاوڕێیانی برینداربوو بە خەم و ئازاری کوشتنی ئەم کەسە پەپوولەییانە بە چەقۆ لە کاتی سەماکردنیاندا، لە سوێی قورسی ئەو کارەساتەدان، کە روویداوە.
ئەوە چ رۆحێکی خراپەکاربووە، کە پەلاماری ئەو منداڵانەی داوە؟ ئەم منداڵانە بە دەستی کەسێکی كڵاو لەسەر کوژراون. خۆیان لە چالاکییەکی کاتی پشوودا لە ناوچەی ساوزپۆرت بۆنەیەک کۆیکردبوونەوە، جگە لە کوژراوەکان هەشتی دیکەشیان بریندارن، کە برینی پێنجیان قورسە. دوو کەسی گەورەش لە شەڕی مان و نەمانی ژیاندان.
واشنتن پۆست
ئیسرائیل چەند کاربەدەستێکی لەنێو بەیرووتدا کوشت، دەگوترێت یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی حزبوڵایە
رۆژی سێشەممە ئیسرائیل هێرشێکی درۆنیی بۆسەر ناوچەیەکی قەرەباڵەغی نیشتەجێبوونی لەنێو پایتەختی لوبناندا ئەنجامدا. ئیسرائیل دەڵێت، یەکێک لە کوژراوەکانی ئەو هێرشە بریتییە لە محسن شەکووری سەرکردەی دیاری حزبوڵا، کە دەگوترێت ئەم موحسینە بڕیاری ئەنجامدانی ئەو هێرشەی داوە، کە دوانزە منداڵی درووزیی لەنێو گۆڕەپانێکی یاریکردندا کوشت.
ئەنجامدانی ئەم هێرشەی ئیسرائیل رەوشە گرژەکانی نێوانی ئیسرائیل و حزبوڵا قورستر دەکاتەوە، لە کاتێکدا، بارودۆخەکە خۆی قورسە و لە ئەگەری ئەوەدایە، کە بە دروستبوونی هەر پریشکێک ئاگری شەڕەکە گەرمتر ببێت.
گەڵف نیوز
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆى رۆچوونى زەوی لە کیرالاى هیندستان 100 کەسی تێپەڕاند
بارینی بارانێکی زۆر و بەخووڕ لە ویلایەتی کیرالای باشووری هیندستاندا بووە هۆی گیانلەدەستدانى زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی سەدانی دیکەش، بەڵام توانرا لانیکەوە 250 کەس بە زیندوویی لەنێو قوڕاو دەربهێندرێنەوە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزببێتەوە.