زووم..
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتیی کوردستانی ناسراو بە ئەپیکور رەتیکردەوە تێوەگلابن لە بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە تانکەر و لەڕێگەی ئێرانەوە دەگوازرێتەوە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور لە میانی بەشدارییەکی لە هەواڵنامەی زوومدا گوتی، هەر هەشت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکەی ئەپیکور کە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن پابەندن بە سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک دەستیان نییە لە بەقاچاخبردنی نەوتەکە لەڕێگەی تانکەرەوە.
گوتیشی، ئەو نەوتەی ئەوان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرهەمی دەهێنن دەفرۆشرێت بە پاڵاوتگە ناوخۆییەکان و بەکاردەهێنرێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، رۆژانە زیاتر لە هەزار تانکەر زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان و پاکستان کە داهاتەکەی بە 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە کردووە.