زووم..
دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 600 کەسیان بە تۆمەتی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەستگیرکردووە و دەڵێت، هەڵمەتەکە سەرجەم پارێزگاکانیشی گرتووەتەوە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگاکە بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی گوتووە، یەکێک لە گرنگترین دۆسییە سەرەکییەکان کە دەزگاکە کاری لەسەر دەکات بریتییە لە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و لەو بوارەشدا، زیاتر لە 600 کەس دەستگیرکراون کە تاوانی ئەلیکترۆنییان بە زۆری دژی ژنان و کچان و هەروەها پیاوانیش ئەنجام داوە.
گوتیشی، هەڵمەتی “ئێمە ئاشکراتان دەکەین” یەکێکە لە گەورەترین و فراوانترین هەڵمەتەکان کە دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەو ماوەیەدا ئەنجامی دابێت دوای ئەوەی داواکارییەکی زۆری لەلایەن هاووڵاتیانەوە پێگەیشتووە.
گوتەبێژی دەزگاکە راشیگەیاند، هەڵمەتەکە زیاتر لە 100 قوتابخانەی کچانی گرتووەتەوە و زیاتر لە 700 هەزار خوێندکاری کچیش بەشداربوون تێیدا بەوپێیەی ئەوان زیاتر رووبەڕووی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەبنەوە.
ناوبراو بەڵێنیشیدا کە لە ساڵی خوێندنی داهاتوودا هەڵمەتەکەیان فراوان بکەن و ئەفسەرانی دیکەی بۆ دابمەزرێنن تاوەکو زۆرترین ناوچە و پارێزگا بگرێتەوە.