زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
قەرزەکانی جەهەپە سەدان هێندە زیادی کردووە
لە ماوەى پێنج ساڵدا شارەوانییەکانى جەهەپە 885 هێندە زیادی کردووە، لەنێویاندا شارەوانیی ئیزمیر زۆرترین قەرزی دەوڵەتی لەسەرە، بە تەنها قەرزی ئیزمیر 6.1 ملیۆن لیرەیە و 885 هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5.4 ملیار لیرە.
بڕی یەک ملیار لیرە قەرزی شارەوانیی شارۆچکەکان لە گەنجینەى دەوڵەت بۆ شەش شارەوانییە، پێنجیان لەلایەن شارەوانیی شارۆچکەکانی جەهەپەوە قەرزەکە کراون.
میلاد
باخچەلی: پێویستە بە توندی وەڵامی ئیسرائیل بدرێتەوە
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند، پێویستە لە رووی سیاسیی و سەربازییەوە ئامادەکاری بکرێت بۆ وەڵامدانەوەى ئیسرائیل، هەر وڵاتێک پێیوابێت تورکیا وڵاتێکی لاوازە، پێویستە بە توندترین شێوە وەڵامی بدرێتەوە تاوەکو پێگە بۆ میللەت و دەوڵەتی تورک بگەڕێنینەوە.
تورکگون
لەپێناو خزمەتکردنی خانەنشینان پێویستە قەرزەکان بدرێنەوە
ڤەدات ئیشکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، پێویستە ئەو قەرزانەى لەلایەن شارەوانییەکانەوە پێشتر کراون بدرێنەوە بە دەوڵەت تاوەکو بتوانین لەپێناو خزمەتکردنى خانەنشیناندا خەرجی بکەین.
ڤەدات ئیشکهان راشیگەیاند، تەواوى قەرزەکان بڕی 96 ملیار لیرەیە.
تورکیا
لە تورکیا شێڵتەر بۆ چوار ملیۆن سەگی بێلانە دروستدەکرێت
بڕیارە 322 شێڵتەر بۆ چوار ملیۆن سەگی بێلانە لە تورکیا دروستبکرێت، تاوەکو لە سەر شەقامەکان دووربخرێنەوە.
بەگوێرەى بەدواداچونەکانى رێکخراوی ئاژەڵدۆستان ئەو شێڵتەرانە تەنها جێگەى 105 هەزار سەگ دەبێتەوە و هێشتا زۆرینەى سەگی بێلانە لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.
تێچووی شێڵتەرێک بۆ هەزار سەگ سێ ملیۆن و 500 هەزار لیرەیە. ئەمەش تێچوویەکی زۆرە لەسەر حکومەت، کە ھێشتا چارەسەری تەواوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
نوێنەری 80 وڵات لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونى سەرۆککۆمارى ئێران ئامادە دەبن
لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزشکیان، نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران، شاندەکانی 80 وڵات، کە 11 سەرۆکی پەرلەمان، چوار جێگری سەرۆک، چوار سەرۆکوەزیران و دوو سەرۆککۆماریان تێدایە، بەشداری دەکەن.
رێوڕەسمى سوێندخواردن بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەران بەڕێوەدەچێت و سەرۆککۆماریش سوێندی یاسایی دەخوات.
سەرۆککۆمار پێویستە لە کەمتر لە دوو هەفتە دوای ئەم رێوڕەسمە، ناوی وەزیرە پێشنیازکراوەکانی پێشکەش بە پەرلەمان بکات.

ئارمانی ئیمروز
پزشکیان و ماکرۆن بۆ هەڵگرتنی سزاکان بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا پیرۆزبایی لە مەسعود پزشکیان کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران.
ماکرۆن هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و فەرەنسا لە قۆناغی نوێدا باشتر بێت و هەروەها پزشکیان رایگەیاند، ئێران ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسا لەسەر بنەمای راستگۆی و دروستکردنی متمانە باشتر بکات.
هەروەها لەم گفتوگۆیەدا پرسی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران باسی لەسەر کرا.

ئاسیا
دۆخی کەرتی گەشتیاریی ئێران خراپە
کەرتی گەشتیاری لە ئێران سەربارى ئەوەى سەرنجراکێشە، بەڵام بەشدارییەکی کەمی لە ئابووریی وڵاتدا هەیە، ئێران لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی گەشتیاریدا لە ریزبەندی 73ـیەمندایە.
هەروەها داهاتی گەشتیاریی ئێران زۆر سنووردارە و ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار دەبێت، لە کاتێکدا داهاتی گەشتیاری لە وڵاتێکی بچووکی وەک ئیمارات زیاتر لە 21 ملیار دۆلارە.
باختەر
کرماشان زۆرترین رووداوی شاخەکانی هەیە
محەممەد باقر محەمەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری کرماشان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 66 چالاکیان لە شاخەکانی ئەو پارێزگایە ئەنجامداوە، “بەداخەوە” ژمارەیەک شاخەوان گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
دەڵێت، زۆربەی رووداوەکانی شاخ بەسەر شاخەوانانی ناپیشەییدا روودەدەن، کە بەهۆی نەبوونی کەرەستە و ئەزموونەوە تووشی رووداو دەبن و زۆرترین گیانلەدەستدان ئەوانەن نەخۆشى دڵ و سییەکانیان هەیە، کاتێک سەردەکەون بۆ بەرزاییەکان تووشى رووداو دەبن.
چیای پەڕاو زۆرترین رووداوی لەنێو شاخەکانی کرماشاندا تێدا تۆمارکراوە و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی ئێران تێدا تۆمارکراوە.
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
تەمووزی 1968 کودەتایەکى سپی لە دژی هاوڕێ ناوخۆییەکان کرا
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت دوو لاپەڕەى تەرخانکردوە بۆ هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى کودەتاى 30ـى تەمموزی 1968 و تێیدا پەردەى لەسەر کۆمەڵێک زانیارى نەگوتراو هەڵداوەتەوە.
رۆژنامەکە باس لەوە دەکات دواى ئەوەى سەرکردایەتى بەعس بڕیاریاندا عەبدولڕەحمان عارف لە سەرۆکایەتى لابدەن، ژمارەیەک لە بەرپرسانیان خستە ژێر فشارەوە و بەزۆر لەکارەکانیان دووریانخستنەوە.
عەبدولڕەحمان عارفیان لە خەو هەستاندوە و پێیانگوتووە بە بڕیاری سەرکردایەتیى شۆڕش تۆ چیدیکە سەرۆک نیت و سەدام حسێنیش تفەنگەکەى لە عەبدولرەزاق نایف راکێشاوە، کە لە رۆژی 17ـى تەمموزەوە ببووە جێگری دەزگاى هەواڵگریی سەربازیی عێراق و پێىگوتووە تۆ منداڵت هەیە با هەتیوو نەکەون، هیچ جۆرە جموجوڵێک نەکەیت.
رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانى ئەوکاتى حکومەت وڵاتیان بەجێهێشت یان دوورخرانەوە، بەڵام دواجار هەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان کوژران و کەسیش بەدواداچوونى بۆ نەکردن.
وەک رۆژنامەکە باسی دەکات لە کودەتاى 30ـى تەمموزی 1968ـدا هیچ کەسێک خوێنى نەڕژا، بۆیە بە کودەتاى سپی ناوى هێنراوە.
عەرەب
دواى کوژرانى ئاریى چایچى تارمایی بوعەزیزی ئاسمانى کوردستانى داگرتووە
کاردانەوەکانى کوژرانى ئاریى چایچی لە سلێمانى کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و بەشێک لە سیاسەتمەدار و میدیاکارانیش بەراوردى دەکەن بە خۆسوتاندنى محەمەد بوعەزیزى لە تونس لە ساڵى 2011 و بووە هۆی هەڵگیرسانى ئەو شۆڕشەى دواجار بە بەهارى عەرەبی ناوبانگی دەرکردووە.
لەتیف فاتیح فەرەج و عەزیز رەئوف، دوو رۆژنامەنووسى کوردن دەڵێن، پێشێلکردنى مافى هاووڵاتیان لە کوردستان کاریگەریی زۆری لەسەر ژیانى گشتیى خەڵک دروستکردوە و داوایان لە نوێنەران و کۆنسوڵخانەى وڵاتان کردووە هەڵوێستێکى جدییان لەو بارەیەوە هەبێت و ئەو کارە مەترسیدارانە راگرن، کە لە دژى هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێن.
رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش کارادنەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و بەشێکى زۆریان ئەو پرسیارەیان وروژاندبوو بۆچى خۆسوتاندنى محەمەد بوعەزیزی لە تونس ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەى هێنایە پێشەوە، بەڵام رووداوەکانى کوردستان گۆڕانکاریی دروستناکەن؟
سەباح
ئاسایشى نیشتمانى 600 کەسیان بە تاوانى ئەلیکترۆنى دەستگیرکردووە
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، لە نیوەى یەکەمى ئەمساڵدا 600 کەسیان بەتۆمەتى ئەلیکترۆنى دەستگیرکردووە، کە زۆرینەیان کێشەیان بۆ ژنان و قوتابیانى رەگەزی مێینە دروستکردووە و بەشێکیشیان هەڕەشەیان لە پیاوان کردووە.
دەڵێت، زۆرینەى ئەو تاوانانەى لەڕێى ئەلیکترۆنییەوە ئەنجامدراون لەنێو قوتابییانى کچاندا بووە، بۆ ئەو مەبەستە لەو هەڵمەتەدا کەسانى پسپۆڕى بوارى ئەلیکترۆنى و یاسایی و ئاسایش و پۆلیس رۆڵیان بینیوە و روونکردنەوەیان بە قوتابییەکان داوە.
دەستور
عێراق سێیەم وڵاتى هاوردەکاری ئامێرە فێنککەرەوەکانى وڵاتانى عەرەبە
پێگەى ئۆ سی ئەى وۆرڵدى ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئەڵمانیا و ژاپۆن لە ساڵی رابردودا زۆرترین ئامێری فێنککەرەوەیان هاوردەى وڵاتەکانیان کردووە، ئەمریکا بە بڕی زیاتر لە 13 ملیار و ئەڵمانیا و ژاپۆنیش بە نزیکەى سێ ملیار دۆلار، لەسەر ئاستى وڵاتە عەرەبیەکانیش عەرەبستانى سعودیە لە پلەى یەکەمدایە بە بەهاى یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار و دواتر ئیمارات بە بەهاى یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلار و عێراقیش لە پلەى سێیەمدایە بە بەهاى یەک ملیار دۆلار زیاتر ئامێرى فێنککەرەوەیان هاوردەکردووە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى پۆلۆرایزى هیندیش ساڵانە خواست بە رێژەى 6.1% لەسەر ئامێرەکانى فێنککەرەوە لە جیهاندا زیاد دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
عەرەب نیوز
ئیسرائیل پاشەکشە لە هەڵگیرساندنى شەڕێکی نوێ دەکات
هێشتا لوبنان چاوەڕوانیی ئەوەیە لە تۆڵەی بۆردومانکردنەکەی جۆلاندا ئیسرائیل هێرشی بکاتەسەر، نەتانیاهۆش دەڵێت، حزبوڵا باجی ئەوە هێرشە دەدات.
رۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئیسرائیلی پاشەکشەیان کرد لەوەی بەرەیەکی شەڕی نوێ لە دژی ئەو گروپانە بکەنەوە، کە لەنێو لوبناندان و ئێران پشتگیرییان لێدەکات، بەڵام هێرش و پەلامارە سەربازییەکانی نێو غەزە هەر درێژەیان هەیە.
لەپاش ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر گۆڕەپانێکی یاریکردنی منداڵانی هەرزەکار لە گوندی مەجدەل شەمس، لە دیوی ئیسرائیلی ناوچەی جۆلانەوە، کە لەلایەن حزبوڵاوە ئەنجامدرا و 12 منداڵی سەر بە کەمینەی درزییەکانی کوشت، لوبنان چاوەڕێی ئەوەیە لە هەر چرکەیەکدا تۆڵەی لێ بکرێتەوە.
واشنتن پۆست
چۆن ئیلۆن مەسک بووە بە لایەنگرێکی چالاکی ترەمپ؟
ئیلۆن مەسک، پێش ئەوەی لە 13ـى ئەم مانگەدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بە فەرمی رایبگەیەنێت پشتگیری لە دۆناڵد ترەمپ دەکات، چالاکانە شانی دابووە بەرئەوەی پشتگیری بۆ ترەمپ کۆبکاتەوە.
بە پێنج مانگ لە پێش راگەیاندنی کاندیدبوونی ترەمپەوە لە ناوچەی پاڵم بیچ مەسک ئاماژەی خۆیی بۆ ترەمپ ناردبوو، کە لە کاتی کاندیدبوونیدا پشتگیریی لێدەکات.
دەوڵەمەند و ملیاردێرەکانی ئەمریکا لە پاڵم بیچ دیدارێکیان هەبوو، لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 قسەیان کردبوو، هەر لەوێ مەسک هەڵوێستی خۆیی یەکلایی کردبووەوە بۆ پشتگیری لە کاندیدی کۆمارییەکان.
ئیندیپێندەنت
ریڤز دەیەوێت 22 ملیار کورتهێنانی بودجە پڕبکاتەوە و پێدەچێت ئەمە بە زیانی خانەنشینان بشکێتەوە
راشێڵ ریڤزی، وەزیری خەزێنەى بەریتانیا دەیەوێت بودجەی دابینکردنی سوتەمەنی لە حەوت ملیۆن ماڵ ببڕێت، بۆئەوەی لەو رێیەوە بودجەیەک دابین بکات، بتوانێت بەهۆیەوە مووچە و داهاتی پزیشکە جێنشینەکان بەڕێژەی 22% زیاد بکات.
ئەو بەرنامەیەی راشێل ریڤز دەیەوێت ئەنجامی بدات، بۆئەوەیە کورتهێنانی 22 ملیار پاوەند بودجەی پێ پڕبکاتەوە، بەڵام زیانی زۆری بۆسەر توێژی خانەنشینان دەبێت، چونکە بودجەی تەرخانکراو بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ماڵەکان دەبڕێت.
تایمز
وەک فیلمێکی ترسناک بە چەقۆ دوو منداڵ کوژران و شەشی دیکەش بریندارکران و لە رەوشێکی خراپدان
دوێنێ دووشەممە لە ناوچەی ساوزپۆرت، کوڕێکی گەنجی تەمەن 17 ساڵ بە چەقۆ هێرشی کردە سەر هۆڵێکی راهێنانى هاوینەی منداڵان، کە بۆ راهێنانیان لەسەر سەماکردن ئامادکرابوو، دوو کەسی کوشت و شەش کەسی دیکەشى بریندارکرد.
سێرینا کەنەدی، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی ناوچەکە دەڵێت، بەشێکى بریندارەکان هەوڵیانداوە هێرشبەرەکە رابگرن.