زووم..
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە بە زوومی گوت، ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقیان کردووە، لەگەڵ بریکار و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتەکە کۆبوونەتەوە، ئەوان پێیان راگەیاندوون، سەرەتای مانگی هەشت پارەی مووچەی مانگی حەوتی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتیشی، چاوەڕێ دەکەن سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی مووچە بگاتە هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان رەوانەی بەغداد کردووە. وەزارەتەکە دەشڵێت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی نێردراوە بۆ بەغداد.