زووم..
“گۆیژە سووتا یان سووتێندرا”، ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان لەسەر ئاگرەکەی شاخی گۆیژە دەکرێت.
هێشتا وەڵامی پرسیارەکە لەلایەن دامەزراوەکانی ئیدارەی سلێمانییەوە نەدراوەتەوە، بەڵام گومان خراوەتە سەر ئاگرەکە.
گومانەکان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە گۆیژە چاوی بازرگان و کۆمپانیاکانی لەسەرە، لەماوەی ساڵانی رابردوودا نزیکەی 10 پڕۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون لە دامێنی شاخەکە دروستکراون، هەر ئەمە وایکردووە ئاگرەکانی گۆیژە بە گومانەوە سەیربکرێن.
ئاگرەکەی ئەمجارەی گۆیژە هاوکاتە لەگەڵ نیگەرانی چالاکانی بواری ژینگە و دەیان کەسی دیکە دژی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاخی گۆیژە، سەرباری زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان و گەیاندنی سکاڵاکان بە دادگا و داواکاری گشتی، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە بەردەوامە رانەگیراوە.
سنەوبەرەکانی رێگەی سلێمانی و تاسڵوجە یەکێکی دیکەیە لەو شوێنانەی، کە ساڵی 2020 پاش سوتانی سنەوبەرەکانی تاسڵوجە دواتر کرا بە پڕۆژەی بازرگانی، کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵیش جارێکی دیکە لە نزیک پڕۆژەکە دەیان سنوبەری دیکە سووتا و هێشتا ئەنجامی لێکۆلێنەوەکانی ئاشکرانەکراوە.