زووم.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستگیرکردنەوەی کچە هەڵاتووەکەی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانی راگەیاند.
کوێستان محەمەد لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، بۆ بەدواداچوون بۆ هەڵاتنی راگیراوێکی کچ، سەردانی چاکسازیی ژنان و منداڵانی سلێمانیی کردووە، دەڵێت، راگیراوە هەڵاتووەکە لەلایەن مەفرەزەکانی چاکسازیی ژنان و منداڵانەوە دەستگیرکراوەتەوە.
ئەو کچەی هەڵاتبوو، تەمەن ١٦ ساڵە و بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لەسەر سکاڵای دایکی رۆژی ٢٣ـی ئەم مانگە براوەتە چاکسازییەکە.
رۆژى یەکشەممە سەرچاوەیەک لە چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی بە زوومى رایگەیاندبوو، رۆژى کچە مێردمنداڵێک لە چاکسازییەکەیان هەڵاتووە.
سەرچاوەکە راشیگەیاندبوو، کچە مێرمنداڵەکە بە ناوی جگەرەکێشانەوە چووەتە گۆڕەپانی پشوودانی چاکسازییەکە، یەکێک لە چاودێرە ژنەکانی لەگەڵدا بووە، بەڵام لەکاتێکدا چاودێرەکەی چووەتە ژوورەوە، بە دەرفەتی زانیوە و هەڵاتووە.
گوتیشی، زیندانییەکە بەهۆی بوونی کونێک لە سیاجی چاکسازییەکەوە هەڵاتووە و دواتریش بە قولە سەربازییەکاندا کە پاسەوانی تێدا نەبووە، سەرکەوتووە و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.