رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشدارى لە دۆخى ئۆکراینا دەدات و دەڵێت، لە زستانی ئەمساڵدا ژیانی ملیۆنان کەس لەو وڵاتە بەهۆى سەرما و نەبوونى خۆگەرمکەرەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.
د. هانس هێنری پی کلوگ، بەڕێوەبەری ناوچەیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەوروپا رایگەیاند، نیوەی ژێرخانی وزەی ئۆکراینا لەناوچوون یان زیانی بەرکەوتووە، ئێستا 10 ملیۆن کەس لەو وڵاتەدا بێ کارەبان.
ئۆکراینا یەکێکە لەو وڵاتانەى پلەکانى گەرماى تێدا زۆر دادەبەزێت، پێشبینی دەکرێت لەم زستانەدا پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەى وڵاتەکە بۆ 20 پلەی ژێر سفری سلیزی دابەزێت، ئەمەیش دەبێتە قەیرانێکى گەورە بۆ ئەمساڵى وڵاتەکە، کە جەنگى تەنگى پێهەڵچنیوە و ژێرخانى وزەى وڵاتەکە هێرشى موشەکى دەکرێتەسەر.
روسیا 703 هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی تەندروستی ئۆکراینا
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تاوەکو ئێستا 703 هێرشی بۆ سەر ژێرخانی تەندروستی ئۆکراینا لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەی روسیاوە تۆمارکردووە.
هەفتەی رابردوو روسیا لە یەکێک لە سەخترین بۆردومانە ئاسمانییەکانیدا بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی وزە و بینا مەدەنییەکانی ئۆکراینای بە ئامانجگرت.
ئەم هێرشانە بوونەتە تاکتیکێکی نوێی روسیا دوای ئەوەی لە بەرەکانی شەڕدا دەستی بە پاشەکشێ کردووە. کاریگەرییەکانی ئەم هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئۆکراینا لەگەڵ دەستپێکردنی زستان زیاتر هەستی پێدەکرێت.
هاوڵاتییانی ئۆکراینا ئەم زسانە جەنگی مانەوە لە ژیان دەکەن
د. هانس هێنری پی کلوگ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە کێڤی پایتەختی ئۆکراینا گوتى “ئەگەر بە سادەیی گوزارشتى لێبکەم جەنگی هاوڵاتییانی ئۆکراینا لەم زسانەدا جەنگی مانەوەیان لە ژیاندا دەبێت”.
ئەو ئاماژەی بەوەدا، سیستمی تەندروستی ئۆکراینا روبەڕوی تاریکترین رۆژەکانی شەڕ دەبێتەوە، باشترین چارەسەریش کۆتایهاتنى جەنگەکەیە.
دەڵێت، بەهۆى هێرشەکانەوە سەدان نەخۆشخانە و دامەزراوەی چاودێری تەندروستی بەتەواوی لەکارکەوتوون، سوتەمەنی، ئاو و کارەبای پێویستیان نییە، بەشی منداڵبوون پێویستی بە ئامێری تایبەتی پزیشکیی، ساردکەرەوەی بانکی خوێن و ئامێری هەناسەدان هەیە، کە هەموویان پێویستیان بە کارەبایە، کارەباش نییە.
سێ ملیۆن هاوڵاتى بەدوای گەرمی و سەلامەتیدا دەگەڕێن
رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات لە وەرزی زستاندا سێ ملیۆن کەس ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای گەرمی و سەلامەتیدا بگەڕێن.
د. هانس هێنری پی کلوگ گوتی “زۆر نیگەرانە” بۆ 17 هەزار توشبووەى ئایدز لە دۆنێتسک، کە رەنگە بەمنزیکانە دەرمانى چارەسەرکردنیان نامێنێت.
بەشێکی زۆری ناوچەی دۆنێتسک لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە، د. هانس هێنری پی کلوگ داوای بەپەلە دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی دەکات، بۆ هەموو ناوچە تازە کۆنترۆڵکراو و داگیرکراوەکان، بۆ گەیاندنى پێداویستییە تەندروستییەکان بەو ناوچانە.
ئەو دەڵێت، سەرەڕای ئەو قەیرانانە مەترسی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆناش لە ئۆکراینا هەیە، بەهۆی کەمی رێژەی کوتانی یەکەمجار، ملیۆنان هاوڵاتى ئۆکراینا بەرگریان بەرامبەر بە کۆرۆنا کەمە یان هەر نییانە.
بەفر لە سەرانسەری ئۆکراینا باریوە
ئەو هۆشدارییانە لە کاتێکدایە، کە بەفر لە سەرانسەری ئۆکراینا باریوە و پلەکانی گەرما بۆ خوار پلەی بەستن دابەزیون، لە کیێڤ بەفر رێڕەوەکانی رۆیشتن و گۆڕەپانە چۆڵەکانی یاری و کورسی پارکەکانی داپۆشیوە، بەهۆی سەرماوە خەڵکێکی کەم لەسەر شەقامەکان دەبینرێن.
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، کە پێشتر زیاتر لە 25%ی کارەبای ئۆکراینای بەرهەمدەهێنا، ئێستا بەرهەمهێنانى کارەباى راگیراوە، کۆتایی هەفتەی رابردوو هێرشەکان زیانێکی زۆریان پێگەیاند.
رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد و رایگەیاند، ئەوە یەکێکی دیکەیە لە مەترسییەکان بۆسەر گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا.