زووم..
پاش نزیکەی ٢٨٠ رۆژ لە زیندانیکردن، ئەمڕۆ دادگای تاوانی دهۆک بە تۆمەتی “سیخوڕیکردن بۆ پەکەکە” سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەددا سەپاند.
لوقمان ئەحمەد، پارێزەری دۆسییەکە بە زوومی راگەیاند، سلێمان ئەحمەد بە تۆمەتی “سیخوڕیکردن بۆ پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” سزادراوە.
گوتیشی، سلێمان ئەحمەد بەگوێرەی مادەی 1ـی ژمارەی 21ـی ساڵی 2003 سزادراوە کە دەقەکەی دەڵێت، هەرکەسێک بە دەستی ئەنقەست و بە هەرشێوەیەک لە کارێکدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی یان کاتی سزا دەدرێت.
پارێزەرەکەی راشیگەیاند، دادگا هیچ بەڵگەیەکی نەبوو بۆ تاوانبارکردنی سلێمانی ئەحمەد و پرۆسەکە زۆر ناحەقی بوو.
بڕیار بوو رۆژی 30ـی حوزەیرانی رابردوو یەکەم دانیشتنی ناوبراو بەڕێوەبچێت، بەڵام پرۆسەکە ئەنجام نەدرا و دواخرا بۆ ئەمڕۆ، واتە دادگا لە یەکەم دانیشتنیدا بڕیاری کۆتایی داوە.
رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد خەڵکی رۆژاڤای کوردستانە و لە سلێمانی هەواڵسازی ئاژانسی رۆژنیوزی نزیک لە پەکەکە بوو، دوای ئەوەی سەردانی رۆژاڤای کرد، لە ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لە دەروازەی فیشخاپوور لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی دهۆکەوە دەستگیرکرا.