زووم..
نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداری ڤەنزوێلا بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە راگەیەنرا.
دوای گێرە و کێشەیەکی زۆری نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداری ڤەنزوێلا بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە راگەیەنرا.
هەڵبژاردنەوەی مادۆرۆ لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ئۆپۆزسیۆن بە گەرمی باس لە هەڕەشە و تۆقاندنی دەنگدەران و ترسی ساختەکارییان دەکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە ڤەنزوێلا، نیکۆلاس مادۆرۆی تەمەن ٦١ ساڵ ٥١.٢%ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا ئەدمۆندۆ گۆنزالێس، سەرکردەی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، ٤٤.٢%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەگویرەی ئاژانسی فرانس پرێس، چەند کاتژمێرێک دوای راگەیەندنی ئەنجامە بەراییەکە، ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا رایگەیاند ئێدمۆندۆ گۆنزالێز بە بەدەستهێنانی ٧٠%ـی دەنگەکانی ڤەنزوێلا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و رەتیکردەوە دان بە راگەیاندنی ئەنجومەنی نیشتمانی هەڵبژاردنەکاندا بنێت کە نیکۆلاس مادۆرۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکە ناساندووە
ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسانی گووتبووی، ئێمە بردمانەوە و ٧٠%ـی دەنگەکانمان بەدەست هێناوە، ڤەنزوێلاش سەرۆکێکی نوێی هەڵبژێردراوی هەیە، کە ئەویش ئێدمۆندۆ گۆنزالێزە.
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوایکرد بە شەفافی و دادپەروارنە ژماردنەوەی دەنگی دەنگدەران ئەنجامبدرێت.
بلینکن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن گوتییشی، مەترسییەکی جدیی لەئارادایە کە هەڵبژاردنەوەی مادۆر رەنگدانەوەی خواستی راستەقینەی گەلی ڤەنزوێلا نەبێت.
ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە کێبەڕکێکەدا ١٠ کاندید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەو ووڵاتە کاندید کردبوو، بەڵام لە راستیدا کێبڕکێکە سنووردار بوو بە مادۆرۆ و دیپلۆماتکاری پێشوو ئەدمۆندۆ گۆنزالێزی ٧٤ ساڵ، لە جێگەی ماریا کۆرینا ماچادۆ بووە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، دوای ئەوەی ناشایستەبوونی ماچادۆیان راگەیاند و نەیانهێشت بێتە نێو کێبەرکێی هەڵبژاردنەکەوە.
هەرچەندە لە سەرەتادا و بەگوێرەی راپرسییەکانی ناوخۆیی ئەو ووڵاتە، ئۆپۆزسیۆن بە جیاوازییەکی زۆر پێشەنگی گرتبوو، بەڵام هەندێک لە چاودێران پشتڕاستیان کردەوە کە کێبڕکێکە زۆر توند بووە.
ڤەنزوێلای دەوڵەمەند بە نەوت، بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی ئەمریکای لاتین، لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بۆ کەمتر لە یەک ملیۆن دابەزی، زیاترلە حەوت ملیۆن هاووڵاتی ڤەنزوێلیش ووڵاتەکەیان جێهێشت. لە ئێستاشدا زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەو ووڵاتە بەدەست هەژاری و داڕمانی تەواوەتی سیستەمی تەندروستی و پەروەردەییەوە دەناڵێنن.