زووم..
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی پڵنگە، کە ئاژەڵێکە لە پۆلی پشیلەکان، لە چیتا گەورەترە و لە جاگوار و شێر بچووکترە، زیاتر لە چیتا دەچێت.
پڵنگ جەستەیەکی ماسولکەیی و چەناگەیەکی بەهێزی هەیە، جەستەی پەڵەپەڵەیە و یارمەتیی دەدات لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر تێکەڵ بێت و بە ئاسانی خۆی لە ئاژەڵەکانی دیکە، بەتایبەت نێچیرەکانی بشارێتەوە، ئەمانە وایکردووە راوچییەکی باش بن.
بەراورد لەگەڵ چیتا، قاچەکانی پڵنگ کەمێک کورتتر و سەری گەورەترە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت بە خێرایی نزیکەی 60 – 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا رابکات.
پەڵەکانی سەر جەستەی پڵنگ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگۆڕێت و بەندە بەو شوێنەی ئاژەڵەکەی تێدا دەژی، رەنگی تووکەکەیان لە زەردی کاڵەوە بۆ ئاڵتوونیی تۆخ دەگۆڕێت، بەڵام رەنگی سکی هەموویان سپییە.
پڵنگ کلکێکی درێژی هەیە و نزیکەی ٦٠ بۆ ٩٠ سم، چاوەکانیشیان گەورەیە و لە شەودا دەدرەوشێنەوە.
پڵنگەکان گۆشتخۆرن، بەشێوەیەکی گشتی ئاژەڵی وەک ئاسک و زێبرا و مەیمون و مار راو دەکەن، دەتوانن هەندێک لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانی دیکەش بخۆن، دوای کوشتنی نێچیرەکەی، دەیباتە سەر درەختێک بۆ ئەوەی بە بێ گرفت و پەلاماری ئاژەڵانی دیکەی لە نموونەی کەمتیار، ژەمەکەیان بخۆن، هەندێک جاریش نێچیرەکانیان دەشارنەوە و دواتر دەیخۆن.
بەزۆری پڵنگەکان ناوچە دارستانییە باراناوییەکان و دەشتە گەرمەکانیان پێباشترە بۆ ژیان، چونکە ئەم ناوچانە شوێنی خۆحەشاردانی باشیان بۆ دابین دەکات.
بەگشتی پڵنگەکان لە ئەفریقا، هیندستان، چین و وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا هەن، بەشێوەیەکی کەمتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوونیان هەیە، یەکێکن لەو گیاندارانەی ژمارەیان روو لە کەمییە.
هەمیشە پڵنگەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ دووردەکەونەوە، بەڵام بەهۆی بڕینەوەی دارستانەکانەوە هەندێکجار لە نزیک کۆمەڵگەی مرۆڤەکان دەبینرێن، بۆیە بڕینەوەی دارستانەکان و راوی نایاسایی، بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی پڵنگەکان.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پڵنگ هەن، بەڵام زۆر کەمبوونەتەوە، لە چیاکانی زاگرۆس زۆر بە کەمی دەبینرێت، لە باکووری ئێران و ناوچە شاخاوییەکانی ئێران کەمێک زیاترن.