زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
بۆ هەر پۆستێک هەشت پێشنیاز بۆ سەرۆککۆمار نێردراوە
محەمەد جەواد زەریف، سەرۆکی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی وەزیرەکانی حکومەتی نوێى ئێران رایگەیاند، بۆ هەر بەرپرسیارێتییەک لانیکەم هەشت پێشنیاز پێشکەش بە سەرۆککۆمار کراوە.
زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن لە رۆژانی هەینی و شەممە بەردەوام بوو، پێشنیازەکانی لیژنەکان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و رەوانەی سەرۆککۆمار کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا بەشێک لە وەزارەت و رێکخراوەکان ماون و پێداچوونەوە بە کاندیدەکانی ئەو پۆستانە دەستیپێنەکردووە.
ئەبرار
لە پێنج مانگی رابردوودا لە ئێران 667 حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە
جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 667 حاڵەتی خنکان لە وڵاتدا تۆمارکراوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 16% زیادی کردووە.
بچووکترین قوربانی کوڕێکی تەمەن یەک ساڵ و گەورەترین قوربانی پیاوێکی تەمەن 90 ساڵ بووە.
تێکڕای تەمەنی قوربانی و بریندارەکان 23 ساڵە و 80%ـیان پیاو بوون.
رووبارەکان بە رێژەی 25% دەریا بە رێژەی %18 و گۆماوە کشتوکاڵییەکان بە رێژەی 15% باوترین شوێنی خنکان بوون.
ئەسکەناس
پێشانگای تایبەت بە کشتوکاڵ و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان لە سنە بەڕێوەدەچێت
پەیمان ئەسکەندەری، بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای سنە بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی تایبەتی کشتوکاڵ و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکانی لەو شارە لە هەفتەی داهاتووەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاند.
مەبەست لەم پێشانگایە ئاڵوگۆڕی زانست و گەشەپێدانی کشتوکاڵ و رەخساندنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنانە کە جووتیاران و بەرهەمهێنەران بە نوێترین دەستکەوتەکان و تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی ئاشنا دەکرێن و کۆمپانیاکان دەتوانن بەرهەم و براندەکانیان بناسێنن.
هەروەها خولی پەروەردەیی و گوتاری زانستی لەلایەن پرۆفیسۆرە دیارەکان بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
باختەر
دوو سینەماکاری کرماشان دوو پەیکەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سیمۆرغیان بەدەستهێنا
دوو سینەماکاری خەڵکی کرماشان لە دوازدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فەرهەنگی و هونەری سیمۆرغ لە هەمەدان دوو پەیکەری فێستیڤاڵەکەیان بەدەستهێنا.
بەرپرسی کۆمەڵەی سینەمای لاوانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، فیلمەکانی “بەشێک لە گۆڕێک” لە نووسین و دەرهێنانی ئەشکان چاووشی و “هەموو کەسێک دەبێ بژی” لە نووسین و دەرهێنانی حامد حەیدەری، سەرکەوتنی نوێیان بۆ پارێزگای کرماشان بەدەستهێناوە.
لە بەشی نیشتمانیدا چاوشی خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا و لە بەشی زانستە پزیشکییەکان حامد حەیدەری خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا.
هەروەها ئەشکان چاوشی لە یەکەمین فێستیڤاڵی نیشتمانی سیناریۆنووسیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
پزیشکە گشتیییەکانی بەریتانیا هەڕەشەى راگرتنى کەرتی تەندروستی دەکەن
کارەساتێک ئەو کەرتەی گرتووەتەوە، کە لەوانەیە ئاستی خزمەتگوزارییەکان داببەزێنێت بۆ نیوە. پزیشکی خێزانەکان هەڕەشە دەکەن ژمارەی رۆژانەی بینینی نەخۆش کەم بکەنەوە و بەمەش خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی رابگرن. سەندیکای پیشە پزیشکییەکانی بەریتانیا داوا لە پزیشکەکان دەکات لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەوامکردنی خۆیان رابگرن. ئەمە ئەگەر رووبدات دەبێت بە یەکەمین مانگرتنی پزیشکان لە 60 ساڵی رابردوودا.
دەیلی تەلەگراف
ئیسرائیل دەیەوێت تۆڵە لە حزبوڵا بکاتەوە
ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی کوشتنی 12 منداڵی لێکەوتەوە. بۆیە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی قورس دەکات.
ئیسرائیل کەوتووەتە ئامادەکاری بۆ دانانی بەرنامەیەکی تۆڵەسەندنەوە لە حزبوڵای لوبنانی، پاش ئەوەی هێرشێکی موشەکیی حزبوڵا بووە هۆی کوشتنی 12 منداڵ.
بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە گەشتێکی کورتدا بوو بۆ ئەمریکا، گەشتەکەی بڕی و گەڕایەوە. خێرا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە بەرپرسە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئیسرائیل پەلاماری لوبنان بدات.
فاینەنشیەڵ تایمز
دیپلۆماتکارەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەى خەرجى ئاهەنگی نێو باڵوێزخانەکان کەم دەکەنەوە
داوا لە دیپلۆماتکارەکانی یەکێتیی ئەوروپا کراوە، بەرنامەی گەشتەکانیان کەم بکەنەوە، ئاهەنگگێڕان قەدەغە بکەن، واز لە بەرنامەی پتەوکردنی ئەمنیەتی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆشیان بهێنن. لەبەرئەوەی بودجەی ئەمساڵیان کەمبووەتەوە، دەیانەوێت بەو رێوشوێنانە خەرجییەکان کەم بکەنەوە، بۆئەوەی بتوانن پەرە بە بەرنامەکانی سیاسەتی دەرەوەیان بدەن.
ئۆرشەلیم پۆست
رۆژئاوا دەیانەوێت حزبوڵا رابگرن و ئاگری شەڕێکی گەورەتر نەنێتەوە
رۆژی یەکشەممە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و فەرەنسا کەوتنە، جوڵە کارێک بکەن رێگری بکەن لە هەڵگیرسانی شەڕی سێیەمی دژ بە لوبنان.
حزبوڵای لوبنانی هێرشێکی موشەکیی ئەنجامداوە و لە گوندی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی گۆلان 12 منداڵی کوشت.
ئێستا ئیسرائیل دەیەوێت لەڕووی سەربازییەوە وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە. ئەمریکا و فەرەنساش دەیانەوێت رێگری لە روودانی شەڕی دیکە بکەن
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
ماڵی فەتواى میسر کار بۆ لەناوبردنى بیرى توندڕەوى دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى عەبدولفەتاح سیسی ماڵى فەتواى وڵاتى میسر کۆنگرەى نۆیەمى خۆی لەیەکێک لە هۆتێلەکانى قاهیرە ببەستێت و دوو رۆژ بخایەنێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەى سێ تەوەرەوە بکەن ئەوانیش بنەماکانى رەوشت لە ئیسلامدا و رۆڵی فەتوا لە چەسپاندنى رەوشت دا، فەتوا لەکوێ ئەو واقیعەدایە کە جیهانى تێدایە، بەتایبەتى رۆڵی فەتوا لە دروستکردنى یەکسانى لە کۆمەڵگە و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و فرەیی لە بوارى رۆشنبیرییە جیاوازەکاندا، تەوەرى سێیەمیش پێگەى فەتوا لەبەرامبەر ئاڵنگاری و بەربەرستەکاندا، تێێدا ئاماژە دەکرێت بە سیستمە جیهانییەکان و بڵابونەوەى هەژاریی و بێکارى و بڵاوبوونەوەى چەکی کۆکوژیی.
عەرەب
پەرلەمانى تورکیا ناردنى هێزى سەربازیی وڵاتەکەى بۆ سۆماڵ پەسەندکرد
ئاژانسی ئەنادۆڵوى تورکی بڵاویکردەوە پەرلەمان پرۆژەى ناردنى هێزى سەربازیی بۆماوەى دوو ساڵ بۆ وڵاتى سۆماڵ پەسەندکرد، ئەوەش لەسەر بنەماى کارى هاوبەش و بەرگریی کردنى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات.
بەگوێرەى راپۆرتى ئاژانسەکە کارى هێزەکانى تورکیا راهێنان، هاوکاریی، راوێژکاریی، دابینکردنى ئاسایش بۆ وڵاتى سۆماڵ دابیندەکات بۆ ئەوەى بتوانێت بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە، ئاماژەى بەوەشکردوە ناردنى هێز لەسەر داواى دەوڵەتى سۆماڵ بووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات سۆماڵ یەکێکە لەو وڵاتانەى لە لایەن چەتەکانى دەریا، بیرى توندوتیژیی و مادەى هۆشبەر خەریکە باڵ بەسەر وڵاتەکەدا دەکێشێت و بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەى نێوانیان تورکیا دەیەوێت ژێرخانى ئەو وڵاتە پتەوبکات.
لە راپۆرتى رۆژنامەکەى عەرەبدا هاتووە رووى راستەقینەى رێککەوتنەکە ئەوەیە تورکیا چاوى لەسەر ئەو بڕە نەوتەیە کە لە سۆماڵداهەیە و هاوکارییەکانى لەبەرامبەر نەوتەکەیدایە.
عەرەبی جەدید
کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاک لە سەرشەقامەکانى میسر زیادیکردوە
بەهۆی بارودۆخى خراپی ئابووریی میسرەوە کۆکردنەوەى زبڵ و خاشاکى سەر شەقامەکان سەرچاوەى سەرەکى خۆراکی بەشێک لە هەژارەکانى میسر پێکدەهێنن و سەرچاوەکانیش باس لەوەدەکەن لەم دواییانەدا ژمارەى ئەوکەسانەى لە سەتڵی خۆڵەکاندا بۆ خواردن دەگەڕێن زۆر زیادیانکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکیان بەدواى ئەو مادانەدا دەگەڕێن کە بەکەڵکی ریسایکڵکردنەوە دێن.
بەگوێرەى گوتەى ئەندازیار ئوسامە خولى بەڕێوەبەری خاوێنکردنەوەى پارێزگاى ئەسکەندەرییە رۆژانە لە پارێزگاکەیان نزیکەى پێنج هەزار تۆن زبڵ و خاشاک فڕێدەدەن و رێژەیەکیشیان بەکەڵکی ریسایکڵکردنەوە دێن و حکومەت بایەخى پێنادات.
رۆژنامەی سەباح
سودانى هەوڵى چارەسەرکردنى ناکۆکى سیاسی لە کەرکوک و دیالە دەدات
حکومەتی فیدراڵی و خودی محەمەد شیاع سودانی، وەک سەرۆکوەزیران هەوڵی زۆر و بەردەوامیان خسووەتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەردوو پارێزگا گیرخواردووەکەی کەرکوک و دیالە، کە زیاد لە هەشت مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕ بووە و هێشتاش پارێزگارى نێویان هەڵنەبژاردووە.
لەسەرەتاوە زۆربەی هەوڵەکان هەر بۆ کەرکووک بوون، بۆیە سودانی پێشوازیی لە نوێنەرانی هەر سێ پێکهاتەی ئەو شارە کرد.
چاودێرێک پێیوایە چارەسەری کێشەی ئەو دوو پارێزگایە وەستاوەتە سەر چارەسەربوونی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
درۆنی ئەمریکی لەدژی درۆنی تورکی بەکاردەهێنرێت
ئەمریکا درۆنێکی پێشکەوتووی بە باڵی سەربازیی پەکەکە-یەپەگە لە سوریا داوە. رۆژنامەکە نووسیویەتى، پەکەکە بەنیازە ئەم درۆنانە لەدژى تورکیا و بۆ خستنەخوارەوەى درۆنی تورکی لە ناوچەکە بەکاربهێنێت.
پۆستە
دەوڵەت بەخێوکردنى 15 هەزار منداڵی گرتووەتە ئەستۆ
ماهینور ئۆزدەمیر، وەزیری خێزان خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، لە تورکیا هەزار و 185 خانەى منداڵى بێ دایک و باوک هەن و 15 هەزار منداڵ لەلایەن دەوڵەتەوە بەخێودەکرێن.
لە ساڵى 2002ـدا بۆ هەر 20-25 مناڵێک کارمەندێکی چاودێری بەردەکەوت، ئێستا بۆ دوو منداڵ کارمەندێکیان بەردەکەوێت.
قەرار
شارەوانییەکانى ئاک پارتی زۆرترین قەرزیان لە دەوڵەت کردووە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، 80%ـى قەرزەکانی گەنجینەى دەوڵەت لەلایەن ئاک پارتییەوە کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەت ساڵی پارەوە لە قەرزی 43 کۆمپانیای نزیک لە خۆیان خۆش بووە، کە بە بڕی 660 ملیار لیرە قەرزیان لە دەوڵەت کردووە.
جمهورییەت
کۆمپانیای شێری و ساومسۆنگ دەیەوێت لق لە تورکیا بکاتەوە
لەپاش کردنەوەی لقی بی وای دی بۆ دروستکردنى ئۆتومبێل، کۆمپانیای شێری بەنیازە لە تورکیا وەبەرهێنان بکات و لقی خۆی بکاتەوە، بەتایبەتبیش لەبواری ئۆتومبێلی کارەباییدا بازاڕگەریی بۆ خۆی پەیدا بکات.
هاوکات کۆمپانیای سامسۆنگیش دەیەوێت لقی خۆى لەو وڵاتە بکاتەوە. بەمەش دەیان ملیار دۆلار داهاتیان بۆ تورکیا دەبێت.