زووم..
چەند نووسەرێک داوای دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، لەژێر سایەی حکومڕانی پارتی و یەکێتی دۆخی هەرێم بەردەوامە لە تێکچوون.
لە داواکارییەکی هاوبەشدا هەریەک لە نوسەران عەزیز رەئوف و لەتیف فاتیح فەرەج رایدەگەیەنن، کە دۆخی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە تێکچوون و کاریگەری توندی لەسەر ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستان هەیە و داواش لە کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەن هەنگاوی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو دۆخە مەترسیدارە.
ئەو دوو نووسەرە لە نامەیەکی کراوەدا، کە ئاڕاستەی کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستانیان کردووە، رایدەگەیەنن لەم دواییانەدا هەڵکشانێکی پڕ لە کێشە روویداوە و ژمارەیەکی زۆر کوشتن لە ناوچە جیاوازەکاندا تۆمارکراون، ئەم کردەوە توندوتیژییانەش بۆ چەکدارانی سەر بە پارتی و یەکێتی گەڕێنراونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، باس لە هاتنی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن، کە بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە، “دۆخەکەی خراپتر کردووە”.
لە کۆتایشدا داوا لە کونسوڵخانەکان دەکەن هەنگاوی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەو کردەوە نەخوازراوانە و تیشک بخەنە سەر ئەو پێشێلکارییە سەختانەی مافی مرۆڤ، کە لە کوردستان روودەدەن.