زووم..
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانە، ناکرێت شوێن و ئەرکی خۆیان بۆ ئەنجامدانی تاوان، هەڕەشە، کوشتن و لێدان بەکاربهێنن.
دەستەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی ئەمدواییانەی کوشتن بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەفتەی رابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی کەسێکی کوشت، ئەمجارەش ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنییە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کاسبکار، هەردوو حاڵەتەکە جێی پرسیارە، لەکاتێکدا بە چەکی فەرمی ئەنجامدراون.
دەستەکە نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی هێشتا چەک بە دەست هاووڵاتیانەوەیە و لە یەکلاکردنەوەی کێشەکاندا بەکاردێت، هەروەها لە هەندێک شوێن و ناوچە رووداوی کوشتن و تەقە و نائارامی لێکەوتووەتەوە.
دەشڵێت، پێویسته حکومەتی هەرێمی کوردستان جدیتر کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردە ناشارستانی و نایاساییانە بکات، داواکراوانیش بدرێنە دادگا و کەس نەتوانێت داڵدەیان بدات.
شەوی رابردوو لە ناوچەی لەفەفرۆشەکانی گەڕەکی راپەڕین لە رووداوێکی تەقەکردندا کاسبکارێکی ناوچەکە کوژرا و کاسبکارێکی دیکەش برینداربوو.