زووم..
سەرچاوەیەک لە چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ کچە مێرمنداڵێک لە چاکسازییەکەیان هەڵاتووە.
سەرچاوەکە بە زوومی گوت، کچە مێرمنداڵەکە بە ناوی جگەرەکێشانەوە چووەتە گۆڕەپانی پشوودانی چاکسازییەکە، یەکێک لە چاودێرە ژنەکانی لەگەڵدا بووە، بەڵام لەکاتێکدا چاودێرەکەی چووەتە ژوورەوە، بە دەرفەتی زانیوە و هەڵاتووە.
سەرچاوەکە گوتیشی، زیندانییەکە بەهۆی بوونی کونێک لە سیاجی چاکسازییەکەوە هەڵاتووە و دواتریش بە قولە سەربازییەکاندا، کە پاسەوانی تێدا نەبووە، سەرکەوتووە و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.
بە گوتەی سەرچاوەکەی زووم، دوای رووداوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی چاکسازییەکە و هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی، هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان دەستپێکردووە، بەڵام تائێستا دەستگیر نەکراوەتەوە.