زووم..
تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێک لە پارەی مووچەی مانگی حەوت رەوانەی هەرێم دەکرێت و سەرەتا مووچەی خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی دەنێردرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، وابڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ پارەی مووچەی مانگی حەوتی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
زوومی بەغداد زانیاریی وەرگرتووە لەبارەی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، پارەی مووچەخۆران بە سێ قۆناغ رەوانە دەکرێت، سەرەتا مووچەی خانەنشینان و زیندانیی سیاسی و چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەنێردرێت، هەفتەی داهاتووش مووچەی موچەخۆرانی دیکە رەوانە دەکرێت، دوای ئەوانیش پارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان رەوانەی بەغداد کردووە. وەزارەتەکە دەشڵێت، لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاکراوی نێردراوە بۆ بەغداد.