زووم..
هەرکات رووداوێکی تەقەکردن، یاخود کوشتن لە هەرێمی کوردستان روودەدات، رەخنەکان زیاتر ئاراستەی پارتی و یەكێتی دەکرێن وەک لە حکومەت، بەو پێییەی بەشێکی زۆر لە هێزە ئەمنی و چەکدارەکان نەخراونەتە سەر دامەزراوەکانی حکومەت و زیاتر فەرمان لە بەرپرسە حزبییەکانیان وەردەگرن.
کاتێک رووداوەکان لە سلێمانی دەبن ئەو دروشمەی قوباد تاڵەبانی نوێ دەکرێتەوە، کە دەڵێت، بۆ ئارامی.
ئێستا ئاراستەی رەخنەکان روو لە دەسەڵاتدارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لەنێویاندا بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، بەوپێیەی یەکێتی حزبی دەسەڵاتداری زۆنەکەیە.
کوشتنی ئاری چایچی و دەستگیرکردنی دووکەس لەسەر دۆسیەکە، کە یەکێکیان ئەندامی هێزەکانی کۆماندۆیە لەکاتێکدایە، 10 رۆژ بەر لەئێستا گەنجێكی دیکە لە سلێمانی کورژا، کە دواتر هێزەکانی کۆماندۆ رایانگەیاند، تۆمەتباری رووداوەکە پێشمەرگەی ئەوان بووە و رادەستی پۆلیس کراوە.
لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردوو، نووسەر عەزیز رەئوف دەڵێت، ئەو بێدەنگییەی لەم شارە هەیە هێندەی دیکە چەقۆی پیاوكوژانی تیژتر كردووە، بێدەنگی كۆی هێزەكانی دیکە و كۆی رۆشنبیران و چالاكوانان و پیاوانی ئاینی، بەرامبەر ئەتككردنی شار هێندەی دیکە دەستی پیسی چەتەكانی لەم شارە درێژتر كردووە.
عەزیز رەئوف دەنووسێت، ئەم خوێنە نەوەستێنن هێندەی دیکە، خوێن سەری شار و سەری چەتەكانیش دەخوات.
هاوکات هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر رووداوەکە نووسیویەتی، خەریکە کوشتن و تیرۆر لە سنوری سلێمانیدا بە تەواوی دەبێتە دیاردە، ئەوەی وایکردووە هێندە بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ژیان و رۆحی مرۆڤی ئەم هەرێمە و ئەم شارەوە بکرێت تەنها دیوێکی ستەمکاری و بەدکاری و زوڵم و زۆری دەسەڵاتە، کە بێ هیچ چەند و چونێک حزبی دەسەڵاتداری ئەم شارە تەحەمولی دەکات کە یەکێتییە.
هۆشیار عەبدوڵا رەخنە لە بێدەنگی بەرامبەر ئەم رووداوانە دەگرێت و باس لەوە دەکات، ئەوەی روویدا دەبێت لە خۆمان و لە خێزان و خانەوادە و نزیکەکانی خۆمان رووبدات ئەوسا بێینە جواب؟ ئەمڕۆ چایچیەک بووەتە قوربانی، سبەی کوڕەکەی من و کوڕەی تۆ و کوڕەکەی ئێوەیە! ئەم بێدەنگییە لە هەموو جێگایەک بوەشێتەوە لە سلێمانی و مێژووی سلێمانی ناوەشێتەوە.