زووم:
رۆژهەڵاتی کوردستان ژینگەیەکی گونجاوی هەیە بۆ کشتوکاڵ و باخداری، ئەمە وایکردووە لە زۆرێک لە بەرهەمەکاندا پلەی یەکەمی ئێرانی هەبێت.
پارێزگای ورمێ یەکێک لەو شوێنانەیە لە چەندین بەرهەمدا ناوەندێکی گرنگە، بە تایبەتی لە بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە.
بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، خوسرۆ شەهبازی، بەرپرسی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە، رووبەری چاندنی گوڵەبەڕۆژە لە ورمێ گەیشتووەتە 24 هەزار و 800 هێکتار.
هەروەها پێشبینی کرد ئەمساڵ زیاتر لە 57 هەزار تۆن گوڵەبەڕۆژە و 670 تۆن رۆنی گوڵەبەڕۆژە لەو پارێزگایە بەرهەم بهێنرێت.
بە گوتەی شەهبازی ، شاری خۆی جەمسەری یەکەمی بەرهەمهێنەری گوڵەبەڕۆژەیە و گەورەترین رووبەری چاندنی گوڵەبەڕۆژە لەو شارە هەڵکەوتووە، کە یەکسانە بە نزیکەی نیوەی بەرهەمی پارێزگاکە.
هەروەها ئەم شارە گەورەترین ناوەندی کڕین و فرۆشتنی گوڵەبەڕۆژەیە.
لە دوای ئەویش شارەکانی ورمێ و نەغەدە زۆرترین بەرهەمیان هەیە، کە وایکردووە پارێزگاکە لە رووی رووبەری چاندن و بەرهەمهێنانی گوڵەبەڕۆژە پلەی یەکەمی لە ئێراندا بەدەستهێناوە.
سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی ورمێ باسی لە گرنگیی ئەم بەرهەمە لە بازاڕی کاری ئەو ناوچەیە کردووە، کە زیاتر لە 15 هەزار ماڵی گوندنشین و شارەکانی ورمێ راستەوخۆ خەریکی چاندن و فرۆشتنی گوڵەبەڕۆژەن.
راپۆرتەکە دەڵێت: بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە بەشێکی زۆری لە ناوخۆی پارێزگاکەدا دەخورێت، بەڵام جگە لە بەکارهێنان لە چوارچێوەی پارێزگاکەدا، بەرهەمەکانی گوڵەبەڕۆژە و رۆنەکەی بۆ زۆرێک لە پارێزگاکانی ئێران و هەندێک وڵاتی دراوسێ وەک تورکیا و وڵاتانی کەنداویش هەناردە دەکرێن.