زووم..
ئەمڕۆ هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا لەبەردەم پرۆسەیەکی چارەنوسسازدان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان و دروستکردنی گۆڕانکاری لە دۆخی ئابووری و سیاسی خۆیان کە بەهۆی ئابلۆقەکانەوە ناهەموار و سەختە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، لە دۆخێکی ئاڵۆزی پڕ لە جەمسەرگیری سیاسیدا بەڕێوەدەچێت، نیکۆلاس مادۆرۆی تەمەن 61 ساڵ، کە لە ساڵی 2013ەوە سەرۆکە هەوڵدەدات لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، لەبەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنی وڵات دەیەوێت بە یەک کاندید هەڵبژاردنەکە بباتەوە و کابینەی داهاتوو پیکبهێنێنن.
لە هەڵبژاردنەکەدا 12 کاندید بە پاڵپشتی 30 لیست لەنێویشیاندا نیکۆلاس مادۆرۆ، کە لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە دەیەوێت سێیەم خوول لەسەر یەک ببێتەوە بە سەرۆکی فەنزوێلا.
لەنێو ئەو کاندیدانە نۆ کاندید خۆیان وەک نەیاری دەسەڵات دەردەخەن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەک هەوڵێک بۆ پەرتەوازەکردنی دەنگە نارازییەکان دەیبینێت و بە نزیکی دەسەڵاتیان دادەنێت.
هەروەها بە بڕیارێکی دادگای باڵای فەنزوێلا ماریا کورینا سەرۆکی ئۆپۆسزیۆنی لە کاندیدبوون دوورخستەوە دواتریش پشتگیری خۆی بۆ ئێدمۆندۆ گۆنزالێز کاندیدی بەرەی ئۆپۆسزیۆن دەربڕی، کە بەگوێرەی بەشێک لە راپرسییەکان ئێدمۆندۆ گۆنزالێز زۆرترین چانسی هەیە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکە و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی فەنزوێلا.
ڤەنزوێلا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و غاز، چەند ساڵێکە لە ژێر گەمارۆ و سزای قورسی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکادایە و لە دۆخێکی ئابووریی سەختدایە، لە ئەگەری دەرچوونەوەی مادۆرۆ سزا و گەمارۆکان لەسەر ئەو وڵاتە زیاتر دەبن.