زووم..
دانەوەی قەرزی شارەوانییەکانی تورکیا بە گەنجینەی دەوڵەت، بووەتە رۆژەڤی سیاسەتی تورکیا، بە بڕیاری حکومەت پێدانی قەرز بە شارەوانییەکان راگیرا، ئەمە جەهەپەی توڕەکردووە.
ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە دەڵێت: ئەردۆغان دەیەوێت دەست و قاچی شارەوانییەکانیان ببەستێتەوە لەکاتێکدا لە خولی رابردوودا شارەوانییەکانی ئاک پارتی قەرزی زۆریان کردووە.
بە گوتەی ئۆزەل، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ئەمساڵدا توانیان ٣٥ شارەوانی بەدەستبهێنین، بەڵام ئەردۆغان هەوڵدەدات کودەتا بەسەر شارەوانییەکانیان بکات.
سەبارەت بەپاساوی ئەم بڕیارەش، ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: زۆرترین قەرزی دەستەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەلای شارەوانییەکانی جەهەپەیە.
بەڵام بەرپرسانی جەهەپە بۆچوونی جیاوازیان هەیە، لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی یەنیچاغ ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت: تەواوی ئەو قەرزانەی لەگەنجینەی دەوڵەت کراون بڕی ٩٦ ملیار لیرەیە. بە تەنها شارەوانیی بورسە لەلایەن ئاکپارتییەوە ٣٠ ملیار لیرە قەرزی کردووە، بۆیە ئاک پارتی ناتوانێت قەرزی خۆی بەسەر ئەواندا بدات.
هەروەها پێیوایە، ئاکپارتی دەیەوێت ئەو بڕە پاریەی خەرجیکردووە، جەهەپە قەرزەکەی بداتەوە، بەو هەنگاوەش دەیەوێت لە رێگەی وەرگرتنەوەی قەرزەکان دەست و قاچیان ببەستنەوە و شارەوانییەکانیان لەکاربخەن.
حکومەتیش لەم بابەتەدا قسەی خۆی هەیە و بە ئامار وەڵام دەداتەوە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا، لە کۆی ٩٦ ملیار قەرزی دامەزراوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە شارەوانییەکان، سەدا ٦٧,٧ هی شارەوانییەکانی جەهەپەن.
هاوکات گوڵستان کڵچ سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی رایگەیاندووە، ئەو قەیومانەی لە خولی پێشوودا لە باکووری کوردستان دانرابوون، سەرجەمیان ٢٤ ملیار و ٧٢٧ ملیۆن لیرە قەرزیان بەجێهێشتووە.