زووم..
رێوڕەسمی پێدانی فەرمانی سەرۆکایەتیی مەسعود پزشکیان لە لایەن عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی مادەی ١١٠ـی دەستووری ئێران، رێبەر دەبێت حوکمی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو جێبەجێبکات و پەسەندی بکات و دوای ئەوە ئیتر دەستەواژەی “سەرۆکی هەڵبژێردراو” بۆ پزشکیان بەکارناهێنرێت و هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری هەیە.
لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ بەرپرسی نیشتمانی و سەربازی بەشداربوون، سەرەتا مەسعود پزشکیان و پاشان عەلی خامنەیی گوتاریان پێشکەش کرد.
لەم رێوڕەسمەدا مەسعود پزشکیان بوو بە نۆیەم سەرۆککۆماری ئێران و گوتى: سڵاو بۆ سەرجەم شەهیدان دەنێرم، بەتایبەتی بۆ سەرلەشکر قاسم سولەیمانی، سوپاسگوزارم بۆ لوتف و وریایی رێبەری مەزنی ئێران، کە لە خولی ١٤ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا مەیدانی بۆ بەشداریی خەڵک و کێبڕکێی مانادارانەی بیر و سیاسەتی جیاواز کردەوە.
پزشکیان لە قسەکانیدا باسی لە “پێویستیی چاکسازی” کرد و بەڵێنی “حکومەتێکی یەکگرتوویی نیشتمانی”ی دا و رایگەیاند: “پێویستە پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەرزبکەینەوە و کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئێران لە کاتێکدا، کە پێویستە ناسنامەی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و جیهان بپارێزین” و گوتیشی: پلانی هەیە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتوری و ئابووری لە ئێران بۆ رەواندنەەی ئەو نیگەرانییانەی، کە گەلی ئێران نیگەران دەکەن.
لە دوای ئەوە خامنەیی قسەیکرد و بە داکۆکی لە “دیموکراسی ئیسلامی”، مەسعود پزشکیانی بە کەسێکی “باوەڕپێکراو” و “زانا” ناوبرد، داوای “کاری جیهادی” بێوچانی کرد لە حکومەتەکەیدا و گوتی، “ئێستا دەبێت کاری یەکەمی حکومەت چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان بێت”، داوای یەکگرتوویی لە هێزە جیاوازەکانی ناو حکومەتیش کرد.
خامنەیی دراوسێکانی ئێرانی بە “ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوە”ی ئێران ناساند و جەختی کردەوە، دەبێت کار لەسەر پێوەندی لەگەڵ دراوسێکانمان بکەین و داوای پتەوترکردنی پێوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەش کرد لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەنگ بە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن.
گوتیشى: پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئێمە ئەولەویەت نییە بەهۆی کردەوە خراپەکانیان دژی ئێمە لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام ئەگەر ئەو وڵاتانە سیاسەتەکانیان بگۆڕن ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵیان نییە و دەتوانین پێوەندییەکانمان پەرەپێبدەین، بەڵام چەند وڵاتێک هەن کردەوەکانیان لەبیر ناکەین”.
دوای گوتاری رێبەری ئێران، رێوڕەسمەکە کۆتاییهات و محەمەد موخبر، جێگری سەرۆککۆماری پێشوو، نووسینگەی سەرۆککۆماری رادەستی پزشکیان کرد.