زووم..
دوو ساڵ لەمەوپێش عەبدولسەلام ئاشو دەستیکرد بە چاندنی حەشیش لە چوارچێوەی یاسایەکی وڵاتەکەی لە مەغریب بۆ بەکارهێنانی لە دەرمان و پیشەسازیدا، ئەو ئێستا بووەتە یەکێک لەو هەزاران جوتیارەی لە ناوچە هەژارەکانی وڵاتەکە زەوییەکانیان کردووە بە حەشیش.
عەبدولسەلام دەڵێت، یەک کیلۆ لە بەرهەمەکەی بە ٨٠ درهەمی مەغریبی دەفرۆشێت، واتە زیاتر لە هەشت دۆلار، کە کۆی داهاتەکەی دەگاتە ٦٤ هەزار دۆلار، ئەو کۆمپانیا مەغریبیەی کڕیویەتی بڕیاریدا بۆ وەرزی دروێنەی داهاتوو وەبەرهێنان لە دوو هێکتاری دیکەدا بکات.
ساڵی ٢٠٢١ مەغریب یاسایەکی دەرکرد تایبەت بە کشتوکاڵی حەشیش و بەکارهێنانی لە کەرتی پیشەسازی و پزیشکی، بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، مەغریب ماوەیەکی زۆر سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی حەشیش بووە بە نایاسایی و هەناردەکەری سەرەکیی حەشیشە بۆ ئەوروپا.
بەگوێرەی ئامارەکانی سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی مەغریب، ژمارەی جووتیاران لە ماوەی ساڵێکدا لە 430 جوتیارەوە بۆ سێ هەزار جوتیار بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئاژانسەکە، ئەو ڕووبەرەی بە حەشیشی یاسایی دەچێنرێت لەماەوی ساڵێکدا 286 هێکتار بۆ دوو هەزار 700 هێکتار واتا 10 هێندە زیادیکردووە.
بەرهەمی حەشیشی مەغریبی لە ئێستادا لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدایە، ئەمڕۆ مەغریب بەرهەمی یاسایی حەشیش هەناردەی وڵاتانی سویسرا و فەرەنسا و کۆماری چیک و ئیسپانیا دەکات.
حەشیش بەوە ناسراوە، کە بۆ مەبەستی ئالوودەبوون بەکاردێت، بۆیە بەکارهێنانی لە زۆربەی وڵاتان قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دوای دەستکاریکردن و چارەسەرکردن بۆ مەبەستی پزیشکیش بەکاردێت.