زووم..
چین تەواوکردنی پرۆژەی نیشتمانیی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بومەلەرزەی راگەیاند.
پڕۆژەکە تۆڕێکی چاودێریکردنی رووداوەکانی بومەلەرزە لەخۆدەگرێت، کە گەورەترین تۆڕی چاودێرییە لە جیهاندا و ١٥ هەزار و ٨٩٩ وێستگە لەخۆدەگرێت.
ئەرکی وێستگەکان گواستنەوەی ئاگاداری پێشوەختەیە لە رێگای دەزگاکانی راگەیاندن و بەرنامەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر بۆ هاووڵاتیان، کە دەبێتە هۆی گرتنەبەری رێکار و کەمکردنەوەی زیانەکانی بومەلەرزە.
لە رووی زانستییەوە رووداوەکانی بومەلەرزە پێشبینیکراو نین و تا ئێستا ناتوانرێت پێش روودانی هیچ لەبارەی بومەلەرزەوە بزانرێت.
دانانی وێستگەکانی چاودێری بومەلەرزەش تەنها دەتوانن لەدوای یەکەمین چرکەی روودانی بومەلەرزەکەوە ئاماژە و ئاگادارکردنەوە بنێرن.
لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ یەکەمینجار زانای بومەلەرزەزانی ئەمریکی، تۆم هیتن توێژینەوەیەکی لەسەر بیرۆکەی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بومەلەرزە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بە جێگیرکردنی تۆڕێکی هەستەوەرکرد لەسەر زەوی بۆ ئەوەی لە کاتی لەرزینی زەویدا ئاماژە و ئاگادارکردنەوە بنێرن.
لە یەکەمین لەرینی زەوی لە چەقی بومەلەرزە، سیستمی ئاگادرکردنەوەی پێشوەختەی بومەلەرزە لە رێگەی هەستەوەرە جێگیرکراوەکانەوە ئاگادارکردنەوە دەنێرێت، بەڵام ئەو ناوچانەی کەمتر لە ١٠ میل لە چەقی بومەلەرزەکەوە دوورن رەنگە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان پێنەگات.
لەکاتێکدا کەسانی ناوچەکانی دوور لە چەقی بومەلەرزە، رەنگە چەند چرکەیەکی گرنگیان لەبەردەم بێت بۆ ئامادەکاری بۆ خۆپارستن لە بومەلەرزە.
سیستەمەکە بەشێوەیەک رێکدەخرێت، کە ببێتە هۆی خاوکردنەوەی هێڵەکانی شەمەندەفەر و کوژاندنەوەی هێڵەکانی غاز و سوتەمەنی، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکە کەمببێتەوە.