زووم..
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دژی پێدانی 182 دۆنم زەوی تەرخانکراوی وەزارەتی پەروەردە بە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون وەستایەوە و دەڵێت، هێشتا کەیسی گۆیژە دانەخراوە.
دەستەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا پشتیوانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەربڕی و رایگەیاند، تا راگرتنی بڕیارەکە درێژە بە هەڵویستەکانیان دەدەن.
جەختیان لەوەشکردەوە، کەیسی رێگریکردن لە تێکدانی سروشتی گۆیژە دانەخراوە و درێژەی پێدەدەن.
هەفتەی رابردوو دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، لە گەڕەکی بەکرەجۆ 182 دۆنم زەوی تەرخانکراوی وەزارەتی پەروەردە دراوە بە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کرد ئەگەر بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە.