زووم..
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە یەکجاری پێدانی قەرز و پێشینەکان رابگیرێت و دەڵێت، پێدانی قەرز کاری بانکە ئەهلییەکانە نەک وەزارەتەکانی حکومەت.
لە نووسراوێکیدا، کە ئاراستەى هەموو وەزارەتەکان کراوە و وێنەیەکی دەست زووم کەوتووە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 29ـی 5ـی 2024 لەبارەی پێداچوونەوە بە قەرزەکان، هەردوو وەزارەت رادەسپێرن پێداچوونەوە بە پێدانی قەرز بکەن و ئەنجامەکەی بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
هەر لەو نووسراوەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەڵێت، لە بنەڕەتدا قەرز کاری بانکەکانە نەک وەزارەتەکان، حکومەت تەنها دەتوانێت پشتیوانی کارئاسانی بۆ بانکەکان پێشکەش بکات، بە یاسا و رێنماییش مافی هاووڵاتیان بپارێزێت.
هەروەها مەسرور بارزانی دەڵێت، دەکرێت حکومەت لەم بابەتەدا رۆڵی زامنکار ببینێت، نەک لە بودجەی گشتی قەرز بدات.
ئەم نووسراوە لە رۆژی 24ـی 6ـی 2024 دەرکراوە، لەم رۆژانەدا بە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان گەیشتووە و وێنەیەکی دەستی زووم کەوتووە.