زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
تایلەند و سعودیە لە بواری وزەى نوێبووەوە و ئۆتۆمبێلى کارەباییدا هەماهەنگی دەکەن
ماریس سانجیامبونسا، وەزیری دەرەوەى تایلەند رایگەیاند، وڵاتەکەى لەگەڵ سعودییە لەسەر سێ بابەتى گرنگ رێککەوتوون تاوەکو هاوکاری یەکتر بکەن، ئەوانیش بابەتەکانى ئاسایشى خۆراک، ئاسایشى مرۆیی و ئاسایشى وزەیە. راشیگەیاند، ئۆتۆمبێلى کارەبایی یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان و بڕیاریشە لە مانگى تشرینى یەکەمى داهاتوودا گەورەترین پێشانگاى ئۆتۆمبێل لە ریاز دەکەنەوە، هەروەها باس لەوەشکراوە لەبوارە جۆراوجۆرەکانى تەندروستى، وەزى نوێبووە و گەشتیاری و تەکنەلۆجیا هاوکاریی یەکتری بکەن.
سەباح
لە عێراق 85 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە
عەبدولئیلاهـ نائیلى، سەرۆکی دامەزاراوەى شەهیدانى عێراق رایگەیاند، 85 گۆڕی بەکۆمەڵیان خستووەتە نێو خشتەى ئەمساڵى دامەزراوەکەیان بە مەبەستى هەڵدانەوەیان کە بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمى پێشوو، هەروەها بەشێکى دیکەشیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داعش.
بە گوتەى سەرۆکی دامەزراوەکە، لە سەرانسەری عێراق 289 ناوچەى گۆڕی بەکۆمەڵ ماون هەڵبدرێنەوە و هەر ناوچەیەکیش 15 بۆ 20 گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە کە تا هەڵنەدرێنەوە نازانرێت چەند کەسیان تێدایە و کێن.
راشیگەیاند، لەبەر کەشوهەواى ناوچەکان و پشتیوانى لۆجستى و بابەتە زانستییەکان، پێویستمان بەکاتێکى زۆر هەیە.
عەرەب
چەکى AR15 ناسنامەى ئەمریکییەکانە و دەستور رێگەى بە هەڵگرتنى داوە
لە دوو دەیەى رابردوودا هیچ چەکێک لە ئەمریکادا بە ئەندازەى AR15 ناوبانگ و فرۆشی نەبووە، تەنها لە ماوەى 2024دا زیاتر لە 28 ملیۆنى لەنێوخۆی ئەمریکادا لێفرۆشراوە، بەگوێرەى راپۆرتەکان، زۆرینەى تاوان و کوشتن و هەوڵەکانى تیرۆری سەرکردەکان لەرێگەى ئەو چەکەوە ئەنجام دەدرێت لەناویاندا کۆتا هەوڵی کوشتنى دۆناڵد ترامپ بوو.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، لە دواى هێرشەکانى سەر ئەمریکا لە 11ـى سێبتێمبەرى 2001ـەوە خواست لەسەر کڕینى چەک لاى ئەمریکییەکان زیادى کردووە و ئامارەکانیش رایدەگەیەنن 3%ـى هۆکارەکانى مردن لە ئەمریکا بەهۆی چەکەوەیە و بەگوێرەى دەستورى ئەمریکیش هەموو هاووڵاتیەکى ئەمریکى مەرجەکانى تێدا بێت رێگەى پێدراوە بەردەوام چەک هەڵبگرێت و بەشێکى زۆریشیان چەکى AR15 بە سیمبولى هاووڵاتیانى ئەمریکى ناودەهێنن.
عەرەبی جەدید
پرۆژەى گواستنەوەى نەوتى عێراق لە بەسرەوە بۆ عەقەبە ناکۆکی لێدەکەوێتەوە
بزوتنەوەى نوجەبا و حزبوڵاى عێراقى بەتوندى رەتى ئەو پرۆژەیان کردەوە کە نەوت لە بەسرەوە بگوازرێتەوە بۆ بەنداوى عەقەبەی ئوردن و رایانگەیاندووە، ئەو پرۆژەیە بۆ خزمەتکردنى ئیسرائیلە، بەڵام سەباح عەلو، پسپۆڕی بوارى نەوت دەڵێت، پرۆژەکە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمى پێشوو بەتایبەتى دواى هەڵگیرسانى جەنگی نێوان عێراق و ئێران بەمەبەستى پاراستنى رێڕەوى نەوتى عێراق بووە بۆ بازاڕەکانى جیهان.
وەزارەتى نەوتى عێراقیش رایگەیاندووە، ئەو زانیارییانەى لەبارەى بۆری نەوتى بەسرە – حەدیسە بڵاودەکرێتەوە بابەتى و ورد نین و بەشێکى زۆری ناڕاستن، بەگوێرەى رایۆرتى رۆژنامەکە پرۆژەکە چوار ملیار و 900 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
رۆژنامە فارسییەکان
سایە
لە ئەمڕۆوە سەرۆککۆماریی پزشکیان بە فەرمی دەستپێدەکات
رێوڕەسمی پێدانی فەرمانی سەرۆککۆماریی مەسعود پزشکیان لە لایەن رێبەری باڵای ئێرانەوە ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 بە کاتی تاران و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی دەوڵەت و سوپا، بەرپرس و مامۆستایانی زانکۆکان، نوێنەری سەندیکا جۆراوجۆرەکان و باڵیۆزی وڵاتان لە تاران بەڕێوەدەچێت.
دوای وەرگرتنی مەرسومەکە لە ئەمڕۆوە بە فەرمی سەرۆککۆماریی مەسعود پزشکیان و کابینەی 14 لە ئێران دەستپێدەکات.
ئەبرار
هێشتا چوار حاجی ئێرانی لە زیندان و نەخۆشخانەکانی سعودیەدان
غوڵام رەزا رەزایی، جێگری رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، لە کۆی گشتی حاجیانی ئێرانی چوار کەسیان تا ئێستا لە سعودیە ماون.
غوڵام رەزا رەزایی سەبارەت بە دوایین دۆخی حاجیانی ئێرانی کە لە سعودیە ماونەتەوە روونکردنەوەیەکی دا و گوتی، دوو حاجی ئێرانی تا ئێستا لە سعودیە زیندانیکراون کە لە پەیوەندیداین لەگەڵیان، و بەدواداچوون لەلایەن باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئێران و دەزگای حەج و زیارەت لە سعودیە دەکرێت و سعودیە بەڵێنی داوە کە بەمزووانە ئازاد دەکرێن.
دوو حاجیش نەخۆشن و لە ئێستادا ناکرێت بگوازرێنەوە بۆ ئێران.
ئەسکەناس
بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی 5% زیادەکات
لەم رۆژە گەرمانەی ساڵدا هەم بەکارهێنانی کارەبا و هەمیش ئاو زیادی کردووە، عەلی سەیدزادە، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی ئاوی ئێران دەڵێت: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری لەسەر بەکارهێنانی ئاو هەیە کە لە بەهاردا کاریگەرییەکی کەمی هەیە، بەڵام لە پلەی گەرمی بەرزتردا بەکارهێنانی ئاو زیاد دەکات.
پلەی گەرمی لە سەرووی 40 پلە، بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی 5% بۆ هەر پلەیەک زیاد دەکات.
روزگار
لقی گەورەترین بانکی روسی لە تاران کرایەوە
گەورەترین بانکی روسیا، ڤی تی بی، نوسینگەی نوێنەرایەتی لە تاران دامەزراندووە کە دەرفەتی بەرزکردنەوەی بازرگانی نێوان بازرگانانی دوو وڵات بە خێراییەکی بەرز و پارێزراو دابین دەکات.
ئەم بانکە بە سەروەت و سامانی 290 ملیارد دۆلار پەیوەندییەکانی لەگەڵ بانکەکانی ئێران و بانکی ناوەندی پەرەیپێداوە و وەک نێوەندگیرێک لە نێوان بانکەکانی ئێران و سیستەمی بانکی روسیادا کاردەکات و رۆڵی گرنگ لە پووچەڵکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و روسیا دەگێڕێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
واشنتن پۆست
دیموکراتەکان لەگەڵ هاریسدا وزەیەکیان بۆ گەڕاوەتەوە
یاسای شەڕی هەڵبژاردنەکە لەپڕدا گۆڕا، بۆیە ترەمپیش دەستیکردوە بە هێرشکردنەسەر رکەبەرەکە نوێیەکەی کە کامالا هاریسە.
لە شوێنێکدا کە لایەنگرانی ترەمپ کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدەدەن و هەوادارانی کۆمارییەکان چەندین دروشمیان لە دژی بایدن نوسیبوو، ئێستا وردەوردە ئەو دروشمانە لەپێشچاو وونبوون. چەند دروشمێکی نوێ پەیدابوون کە لە دژی کەمالا هاریس نوسراون، بەڵام ئەمانە کەمترن، دیارە هێشتا ئەو دروشمانەیان بەدەست نەگەشتووە کە بە توندی شەڕ لە دژی هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بکەن. ئەمان هەموو شتی بچوکن، بەڵام ئاماژەن بۆئەوەی کە شەڕی گەیشتن بە کۆشکی سپی تادێت روو لە گەرمبوون دەکات.
عەرەب نیوز
شەپۆلێکی گەرما ئێران ناچاردەکات فەرمانگە و بانکەکان دابخات
شەپۆلێکی گەرما وڵاتی ئێرانی گرتووەتەوە و ئەمەش بەرپرسانی ناچارکردووە، لە رۆژی شەممەدا دەوام و کارکردنی چەندان فەرمانگە رابگرن و تا ئاگادارکردنەوەی دواتر نەچنەوە سەر دەوام، هەر لەم نێوەندەدا زیاد لە 200 کەس بەهۆی گڕەبردنەوە گەینراونەتە نەخۆشخانەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
پلەی گەرمای 42ـی سیلیزی لە شاری تارانی پایتەخت تۆمارکرا، بۆیە بڕیارداوە ئەمڕۆش کە یەکشەممەیە فەرمانگەکان کارنەکەن.
چاینە دەیلی
هێشتا هەر چین شوێنی دڵخوازی کۆمپانیا گەورە بیانییەکانە کاری تێدا بکەن
بازاڕی کاری ناو وڵاتی چین بە شێوەیەکی جێگیر گەشەدەکات و بەرەوپێش دەچێت، ئەمەش سەرنجی کۆمپانیا گەورە فرەنەتەوەکان رادەکێشێت بچن لەو وڵاتە کاربکەن. رەنگدانەوەی ئەم راستیە لەوەدا دەبینین کە هەتا دێت ژمارەی ئەو کۆمپانیا گەورانە روو لە زیادبوون دەکات کە لق و شوێنی کارکردنی خۆیان دەگوێزنەوە بۆ چین. رۆژی هەینی راپۆرتێکی فەرمی لەمبارەیەوە بڵاووبووەتەوە و دەڵێت، لەم رەوشەی ئێستادا چین دووەم بەهێزترین ئابووریی دنیایە
وۆڵ ستریت جۆرناڵ
پاریس کە شاری رۆشناییە پێشوازی لە یارییە هاوینەکان دەکات
رۆژی هەینی مەشخەڵە ئۆڵۆمپییەکە لە پاریسی شاری رۆشنایی داگیرسا، ئەوە ئاماژەیەک بوو بۆ دەستپێکردنی ئاهەنگی راگەیاندنی یارییەکان و گەیشتنی یاریزانەکانیش لەڕێگەی کەژاوەی بەلەمەکانەوە. بارینی بارانێکی زۆر و پەککەوتنی شەمەندەفەرەکانی هێڵی ئاسنینی ناو پاریس رێگرنەبوون لەوەی 300 هەزار بینەر بگەن بە شوێنی رووداوەکە.
لاپەڕە یەکی ئەم رۆژنامەیە لە درێژەی ئەم هەواڵەدا نوسیویەتی، روسیا بە فەرمی 15 وەرزشەوانی ناردووە بەشداریی پێشبڕکێکان بکەن، بەڵام بەشێوەی نافەرمی دەیان روسی تر گەیشتوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر لەم رۆژانەدا شەڕەکانی ناو ئۆکراین گەرمتر بوون، بۆیە بۆ بەرپرسانی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی فەڕەنسا ئەوە بووە بە مایەی پرسیار، دەڵێن داخۆ بەرامبەر بەو خەڵکە روسییە چی بکەن؟