زووم..
ئەندامێکی رێکخراوی سى پى تى رایگەیاند، هاووڵاتیانی چوار گوندی چۆڵکراوی بەری گارێ لە بادینان، رێگەیان پێدراوە تەنها بۆ نۆ کاتژمێر بڕۆنەوە ناو گوندەکانیان.
کامەران عوسمان بەرپرسى بەشى مافى مرۆڤى رێکخراوى سى پى تى لە پەڕەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکى رایگەیاند، بەرپرسانی قەزای ئامێدی، ئاگاداری هاووڵاتیانی گوندەکانی مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێیان کردووە، لە کاتژمێر 8ـی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ، تاوەکو کاتژمێر 5ـی ئێوارە سەردانی گوندەکانیان بکەن، دواتر بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی ئێستا لێی نیشتەجێن.
گوتیشى، رێگە پێدانەکە بە هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێم و سوپای تورکیا بووە، بەمەبەستی ئەوەی دانیشتووانی ئەو گوندانە کەلوپەل و پێداویستی بەجێماو لەگەڵ خۆیان بەرن.
بە گوتەی کامەران عوسمان، نزیکەی مانگێکە دانیشتوانی ئەم چوار گوندەی لە قەزای ئامێدی، بەهۆی بۆردوومانی بەردەوام و ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی سوپای تورکیا، بۆسەر گوندەکەیان، موڵک و ماڵەکانیان جێهێشتووە و بۆ ناحیەی دێرەلوک و پارێزگای دهۆک ئاوارەبوون.