زووم..
رۆژ بە رۆژ ئەو ماوەیە لە کۆتایی نزیکدەبێتەوە، کە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکوک دیاریکراوە، ئاماژەکان دەریدەخەن یەکلابوونەوەی پۆستەکە لە بەردەم دوو بژاردەدایە، لە ئەگەری یەکلابوونەوەی هەریەکێکیان، لایەنێکی کوردی دەکەوێتە دەرەوەی هاوکێشەکان.
دوو بژاردەکە لەلایەن راوێژکارێکی محەمەد شیاع سودانییەوە ئاشکراکراوە و دەڵێت، لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلادەکرێتەوە.
تورهان موفتی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی گوتووە، بژاردەی یەکەم ئەوەیە پۆستەکە لەنێوان یەکێتی و عەرەب بەڕێوەبرێت، واتا پارتی و تورکمان لە دەرەوەی هاوکێشەکە دەبن، لە بژاردەی دووەمیشدا هەر سێ پێکهاتەکە “کورد و عەرەب و تورکمان” پۆستەکە بەڕێوەدەبەن بە نۆرە.
جگە لەو دوو سیناریۆیە، زووم زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەی لەگەڵ تورکمان و عەرەبدا ئەنجامداوە، دەرەنجامی کۆبوونەوەکە بەوە گەیشتووە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە هاوبەشی لەنێوان هەرسێکیاندا بەڕێوەببرێت، بە جۆرێک هەر ساڵێک و شەش مانگ لای لایەنێکیان بێت.
لەبارەی رێککەوتنەکەوە، زووم پەیوەندی بە محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکوک کرد، ئەو رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت، بەڵام نەیشاردەوە گفتوگۆ لە ئارادایە و هەموو بژاردەکان لەسەر مێزی دانوستانن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە خۆی بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەزانێت، ئاگاداری رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی پارتی، تورکمان و عەرەبە.
محەمەد عوسمان، بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بە زوومی راگەیاند، ئاگاداری هەوڵێکی لەو جۆرەن، بەڵام یەکێتی رەتیدەکاتەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رێگە نادات هیچ لایەنێک پەراوێز بخرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 16 کورسی پێکدێت، ئەگەر هەر یەکێک لەو دوو بژاردەیە یەکلاببنەوە، ئەوا لایەنەکان دەتوانن پارێزگار هەڵبژێرن، بژاردەی یەکەم لەنێوان یەکێتی و عەرەب دایە خاوەنی 12 کورسین، بژاردەی دووەمیش، کە لەنێوان پارتی و عەرەب و تورکماندایە خاوەنی 10 کورسین.