رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە عێراق 50,000 پاکستانى خۆیان شاردووەتەوە
شودری حسێن، وەزیری کاروباری ئاینى پاکستان رایگەیاند، لە ماوەى ساڵانى رابردوودا نزیکەى 50 هەزار هاووڵاتى پاکستانى بەناوى سەردانى مەزارە پیرۆزەکان چوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە.
لیژنەى کاروباری ئاینى و پێکەوەژیانى ئاینەکانی پەرلەمان دواى لێکۆڵینەوە بۆیى دەرکەوتووە، لە کاتى گەشتنى ئەو هاووڵاتیانەى پاکستان بە خاکی عێراق پاسپۆرتەکانیان لێوەرگیراوە.
ئەم لێدوانانەى بەرپرسانى پاکستانى کاردانەوەى هاووڵاتیانى عێراقى بەدواى خۆیدا هێناوە، مەشعان جبورى، سیاسەتمەداری عێراقیش لە ئێکس نووسیویەتى، ئەم هاووڵاتییە پاکستانیانە کێشە بۆ ئاسایش و هەلى کار لە عێراق دروستدەکەن.
ئەحمەد ئەسەدى، وەزیری کارى عێراق رایگەیاند، ژمارەى کرێکارانى نایاسایی لە عێراق زۆر زیادبووە.
دەڵێت، لەم ساڵانەى دواییدا گەشتیارى ئاینى لە عێراق زۆر زیادی کردووە لەنێویاندا پاکستانى و بەشێکى زۆریشیان نەگەڕاوەنەتەوە و بێگومان کاریگەریی لەسەر بازاڕی کار دروستدەکەن.
پۆلیسی عێراق هەڵمەتێکى دەستپێکردووە و تەنها لە مزگەوتى شێخ عەبدولقادری گەیلانى لە بەغداد 33 کەس و لە پارێزگای بابلیش 47 کرێکاری نایاسایی پاکستانییان دەستگیرکردوە.
عەرەب
توندوتیژی بناغە بۆ خێزانە هەڵوەشاوەکانى داهاتوو دادەنێت
عەلا غەندور، راوێژکاری خێزانى دەڵێت، توندوتیژیی خێزانەکان لە ئێستادا لە بەرامبەر منداڵەکانیان بەناوى پەروەردەوە کاریگەریی خراپ لەسەر داهاتوویان دادەنێت و دەبێتە هەڵوەشێنەرەوەى بنەماى خێزانەکان لە هەموو کۆمەڵگەکاندا. سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان منداڵ و دایک و باوکیش دەڵێت، هەندێک هەڵەى گەورەى ئاینى و کۆمەڵایەتى و کلتورى لەوبارەیەوە هەیە دەبێت راستبکرێنەوە، یەکێک لەوانە ئەو هەڵەیەیە کە هەمووان پێیان وایە دایک و باوک هەمیشە لەسەر حەقن و پێویستە لە هەموو شتێکدا منداڵەکان وەک ئەوەى ئەوان دەیانەوێت رەفتاربکەن و هەر ئەوەش وایکردوە رەوایەتى بە توندوتیژیی بدرێت لە خێزانەکاندا.
ئەو دەڵێت، ئەگەر بمانەوێت داهاتووى خێزانەکان مسۆگەر بکەین دەبێت لە پێشدا تێگەیشتن و رەفتار و گوفتارى دایکان و باوکان راستبکەینەوە.
عەرەبى جەدید
دۆزینەوەى منداڵانى تازەلەدایکبوو لەسەر شەقامەکانى عێراق هێزە ئەمنیەکانى خستوەتە ژێر پرسیارەوە
چەندبارەبونەوەى دۆزینەوەى منداڵانى تازەلەدایکبوو لەسەر شەقام و بەردەم مزگەوت و شوێنەگشتییەکان لە عێراق و بڵاوبوونەوەی وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەى زۆر بەدواى خۆیدا دەهێنێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى عەرەبی جەدید دیاردەکە لە هەموو پارێزگاکانى عێراقدا هەیە و پەیوەستە بەو منداڵانەى بەشێوەیەکى رێگەپێنەدراو لەدایکدەبن و ناتوانن ببرێنە نەخۆشخانەکان لەبەرئەوەى بەگوێرەى رێنماییەکان ژنانى سکپڕ دەبێت پیاوێکى مەحرەم، هاوسەر یان برا و باوکی لەگەڵ بێت ئەوکات رێگەی پێدەدرێت لە نەخۆشخانەکان منداڵیان ببێت و دواتریش منداڵەکان وەردەگرنەوە.
هەرچەندە تائێستا بە هەر هۆکارێک بێت حکومەت خۆی لە قەرەى ئامار و داتاى ئەو منداڵانە نادات، بەڵام بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتى ناوخۆ بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاندووە دیاردەکە لە هەموو پارێزگاکانى عێراق هەیە، بەتایبەتى لە بەغدادى پایتەخت.
قودسى عەرەبی
بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان چین دەروازەیەک بەڕووى ئێراندا دەکاتەوە
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەوانى لە ساڵی 2019ـەوە تائێستا بازاڕەکانى چین بەهۆی نەوتى ئێرانەوە بوژاونەتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى قودسى عەرەبی، تەنها لە ماوەى تشرینى یەکەمى 2023 تاوەکو مانگی حوزەیرانى 2014 زیاتر لە 45 ملیۆن بەرمیل نەوتى ئێران گەیەنراوەتە بەندەرەکانى چین کە 13%ـى هاوردەکانى نەوتى چین پێکدەهێنێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، دواى ئەوەى لە ساڵی 2018ـەوە گەمارۆکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران زیادیانکردوە پەیوەندییەکانى چین و ئێران روویان لە زیادی کردووە و وەزارەتى دەرەوەى چینیش رایگەیاندووە، بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران یاسایین و بەگوێرەى یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندپێندێنت
هێرشی گەورە بۆسەر تۆڕی شەمەندەفەر، یارییە ئۆڵۆمپییەکان بەئامانج دەگرێت
چەند “ئاژاوەگێڕێک” بەر لە دەستپێکردنی یارییە ئۆڵۆمپییەکان تۆڕەکانی شەمەندەفەری پاریسی پایتەختی فەرەنسای کردە ئامانج و بە ئەنقەست ئاگریان بەردایە چەند خاڵێکی گرنگی تۆڕەکان.
ئەمانج لەم هێرشە ئیفلیجکردنی سیستمی هاتوچۆی ئەو شارە بوو، چەند کاتژمێرێک بەر لەوەی رێوڕەسمى یارییە ئۆڵۆمپییەکان دەستپێبکات.
بەهۆی ئەو هێرشەوە پشێوی و قەرەباڵغییەکی زۆر لە وێستگەکانی شەمەندەفەر دروستبووە و پێدەچێت چەندین رۆژی دیکەش بخایەنێت.
گاردیەن
ملیۆنان فەرمانبەری کەرتی گشتی لە بەریتانیا مووچەکانیان زیاددەکرێن
ملیۆنان فەرمانبەری بەریتانیا کە لە کەرتی گشتی کاردەکەن، هەفتەی داهاتوو مووچەکانیان زیاد دەکرێن و ئامانج لەمە قەرەبووکردنەوەی ئەو هەڵاوسانى وڵاتەکەیە.
بڕیارەکە لە رۆژی دووشەممە لەلایەن وەزیری خەزێنەی وڵاتەکەوە رادەگەیەندرێت، دوای 10 ساڵ لە ناسەقامگیریی ئابووری لەو وڵاتەدا.
بەگوێرەی بڕیارەکە خەرجیی ئەو زیادکردنە، زیاتر لە 10 ملیار پاوەندە لەسەر بوودجەی گشتیی بەریتانیا.
واشنتن پۆست
ترەمپ و ناتانیاهۆ دوای چەندین ساڵی سەخت یەکدى دەبینن
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی هەینی چاویکەوت بە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
ئامانج لە کۆبوونەوەکەیان باشکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بوو لە سەروبەندی ئەو گرژییە سیاسیانەی ماوەیەکە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروستبووە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە ئەوکاتە تێکچوو، کە ناتانیاهۆ پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کرد دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـى سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
عەرەب نیوز
هاوپەیمانان پشت لە ناتانیاهۆ دەکەن
حکومەتی نوێی بەریتانیا ئەو بەربەستە یاساییەی لابرد، کە بۆ دەستگیکردنی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانرابوو. ئەمەش لەکاتێکدایە تادێت فشارەکان لەسەری زیاتر دەبن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە، بەشێوەیەک هەریەک لە ئوسترالیا، نیوزلەندا و کەنەدا داوایانکرد ئیسرائیل دەستبەجێ جەنگ بوەستێنێت کە بۆماوەی نۆ مانگە بەردەوامە.
هاوکات کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ناتانیاهۆ کرد ئەو ئازارانە بوەستێنێت، کە هاووڵاتییانی فەلەستینی لە ئێستادا دەیچێژن؛ هەڵوێستێک، توندتر لەوەی بایدن پێشتر رایدەگەیاندن.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
لە 15 پارێزگاى تورکیا بارانی بەخوڕ دەبارێت
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێشبینی دەکرێت لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە سەرجەمیان لە 15 پارێزگای تورکیا بارانی بەخوڕ ببارێت.
کەشناسی رایگەیاند، ئەگەرى پەنگخواردنەوەى ئاو و لافاو دەکرێـت، هۆشداری هەورە بروسکە و رەشەبایەکی بەهێزیش دەدات.
قەرار
وەزیرى دارایی کاری پارە پەیداکردنە بۆ خەرجییەکانی سەرۆککۆمارى تورکیا
عەلی بابەجان، سەرۆکی دێڤا پارتی دەڵێت، دەسەڵات بە قسە و داتای ناڕاست دەیەوێت کۆمەڵگە بەلاڕێدا ببات.
ئەو دەڵێت، سیستمەکە لەدەستدەرچووە، محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی کاری ئەوەیە بە راست و بە چەپ پارە بۆ خەرجییەکانی سەرۆککۆمارى تورکیا پەیدا بکات.
سۆزجو
ئەردۆغان غیرە بە شارەوانییەکانی جەهەپە دەبات
شارەوانیی جەهەپە خواردن بە هەرزان پێشکەش بە خەڵک دەکات، شیر بەسەر منداڵ و گواستنەوەى گشتی بەخۆڕایی بۆ دایکان دابینکردووە.
شارەوانیی ئەنقەرە مانگانە هەزار و 500 لیرە وەک هاوکاری بە خانەنشینان دەدات، هاوکاریی دارایی بۆ 220 ماڵ بڕیوەتەوە.
شارەوانیی ئیزمیر هاوکاریی دارایی بۆ خانەنشینان، هاوکاریی خۆراک و هاوکاریی کرێی ئاو و کارەبای بۆ هەژاران بڕیوەتەوە، بەدەر لەوە لە پێنج شارەوانیی پارێزگای دیکە هەمان هاوکاری بە خەڵکی هەژار دەدرێت.
یەنیچاخ
کارمەندانی ئەمبوڵانس لە ئیستەنبوڵ مانیان گرتووە
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی ئەمبوڵانس لە ئیستەنبوڵ مانیان گرتووە.
داوا دەکەن چارەسەر بۆ کەموکورتییەکانیان بدۆزرێتەوە و مافەکانی خۆیان دەستەبەر بکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
بەرپرسێکی تاڵیبان سوکایەتی بە ئێران دەکات
فەرماندەی هێزەکانی بەدری سەر بە تاڵیبان، حکومەتی ئێران بە “کافر و دڕندە” و گەلی ئێرانی بە “موشریک” و “خراپتر لە جوو و مەسیحییەکان” ناوبرد.
عەبدولحەمید خۆراسانی، لە گوتارێکدا داوای لە گەنجانی ئەفغانستان کرد “ئێرانییە ستەمکارەکان” بە “تیر و چەقۆ بکوژن” و دەڵێت، تاڵیبان گەلی ئێران بە “ئیسلامی راستەقینە” ئاشنا دەکات.
دەڵێت، تاڵیبان چاودێری دۆخی ئێران دەکات و کاری لەسەر دەکات.
پێش ئەمەش تاڵیبان چەند جارێک هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە و پاڵپشتیی بۆ هێزە جووداخوازەکانی بەلووچستان دەربڕیوە.
روزگار
تەلەفۆنى 1300 ماڵی کرماشان بەهۆی دزینی کێبڵەوە پچڕا
بەڕێوەبەی پەیوەندییەکانی کرماشان رایگەیاند، بەهۆی “دزین”ـی کێبڵی پەیوەندییەکان له شاری کرماشان تەلەفۆنی نزیکەی هەزار و 300 ماڵ پچڕاوە.
حەمیدڕەزا عامری دەڵێت، هێزەکانی پەیوەندییەکان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان و لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوودا تەلەفۆنی ئەو بەشداربووانە بە تۆڕەکەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کرماشان، دزەکان ساڵانە بە دزینی کێبڵ زیاتر لە 150 هەزار دۆلار زیان بە پەیوەندییەکانی ئەو پارێزگایە دەگەیەنن.
جامی جەم
دەنگۆى گرێبەستی سەربازیی ئێران و ئەرمینیا رەتدەکرێتەوە
مێهدی سۆبحانی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران له ئەرمینیا، ئەو هەواڵەی رەتکردەوە، کە لەبارەی گرێبەستی سەربازی نێوان ئێران و ئه رمینیا بڵاوبووەتەوە.
سۆبحانی ئامانجەکانی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانەی بە کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەرەپێدانی “پەیوەندی دۆستانە” لەنێوان ئێران و وڵاتان دانا لە هەرێمەکە و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری لە ناوچەی قەفقاز دەکات.
مەردوم سالاری
لە تاران سێ ملیۆن جۆری حەب و دەرمانی نایاسایی دەستی بەسەرداگیرا
بەرپرسی پۆلیسی تاران، دەستگیرکردنی بازرگانێکى هەموو جۆرە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی راگەیاند، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى سێ ملیۆن و 986 هەزار دەرمان، بە بەهای زیاتر لە 100 هەزار دۆلار.
عەقید مەهدی ئەفشاری رایگەیاند، دەرمانخانەیەک بڕێکی زۆر دەرمانی نایاسایی و قاچاخی لە شارەکانی دەوروبەری تاران خستووەتە کۆگا و دواتر بە گواستنەوەی ئەو دەرمانانە لە بازاڕی تاران دەیفرۆشت، کە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە زیانی جەستەیی لێدەکەوێتەوە.