زووم…
دۆناڵد ترەمپ، جەختدەکاتەوە لەوەی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست “زۆر ئاسانە”، دەشڵێت، ئەگەر نەبێتەوە بە سەرۆک رەنگە جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵبگیرسێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە، بەڵێنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داوە و گوتوویەتی: ئەوانەی ئێستا ئەمریکا بەڕێوە دەبەن لێهاتوو نین.
ترەمپ گوتووشیەتی، “ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوم، ئاشتەوایی کارێکی زۆر ئاسانە و بەخێرایی کۆتایی بە گرژییەکان دەهێنم، ئەگەریش بدۆڕێم، ئەوا رەنگە جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپا ببێت، رەنگە جەنگی جیهانیی سێیەمیشی بەدوادا بێت.”
بنیامین ناتانیاهۆ چەند رۆژێکە لە ئەمریکایە و لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتەکە کۆبووەتەوە کە دیارترینیان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بوو. هاوکات ناتانیاهۆ لە کۆنگرێسی ئەمریکا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: بەخێرایی هاوکاریمان بکەن تاوەکو بەخێرایی کارەکە [جەنگی غەزە] کۆتایی پێ بهێنین.
ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە جەنگی غەزە بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 39 هەزار کەس لە غەزە کوژراون.